دیمەنی دەستگیرکردن _ وێنە: پێگەی Google
پۆلیس چاوی لەسەریان بووە
چوار کەس بۆ دزیی ماتۆڕسکیل ھاتنە دەربەندیخان و گیران
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شەوی رابردوو چوار کەس بە مەبەستی دزینی ماتۆڕسکیل رۆشتوونەتە قەزای دەربەندیخان، “بەڵام پێش ئەوەی دزییەکەیان بکەن لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون”.
کابرای دزەکان “پێشینەی دزی دیکەشیان هەبووە” و لەلای پۆلیس دانیان پێدا ناوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.5.2024، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ى وت، “ھێزەکانی پۆلیسی دەربەندیخان، ئەو چوار کەسەیان بینیوە و گومانیان لێیان ھەبووە، بۆیە دواتر کە دەستگیریان کردوون دانیان بەوەداناوە کە بەمەبەستی دزینی ماتۆڕسکیل ھاتوونەتە قەزای دەربەندیخان”.
ئەو کەسانە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و لە دەرەوەی قەزای دەربەندیخانەوە ھاتوونەتە ناو سەنتەری قەزاکە و سەرجەمیان کوردن، لەلای پۆلیس “دانیان بەوەشداناوە کە شەوێک پێشتریش لە دەربەندیخان ماتۆڕێکیان دزیووە، ئێستا هەر چواریان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش دەستیپێکردووە”، سەرکەوت ئەحمەد وای وت.
تاوانی دزی کردن، چیە؟
بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی تاوانبار سزا دەدرێت، بە پێ بژاردن و زیندانی کردن بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە 10 ساڵ هەرکەسێک تاوانی دزی ئەنجام بدات لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا:-
1- ئەگەر لەگەڵ دزی کردنەکە زۆر لێکردن و هەبوو لە کەسی تاوانلێکراو.
2- ئەگەر لەنێوان ئاوابوونی خۆر و هەڵهاتنی خۆر دا ئەنجامدرا لەلایەن کەسێکەوە کە چەکێکی پێبێت بە ئاشکرا یان نهێنی.
3- ئەگەر لە نێوان ئاوابوونی خۆر و هەڵهاتنی خۆر دا ئەنجام درا لەلایەن سێ کەسەوە وە زیاتر.
4- ئەگەر لە نێوان ئاوابوونی خۆر و هەڵهاتنی خۆر دا ئەنجامدرا لە شوێنێکی نیشتەجێبوون یان ئامادە کراو بۆ نیشتەجێبوون یان یەکێک لە پاشکۆکانی.
5- ئەگەر لە نێوان ئاوابوونی خۆر و هەڵهاتنی خۆر دا ئەنجامدرا لە بانکێک یان فرۆشگا یان کۆگا (مخزن، مستودع)، کە کەسی تۆمەتبار بچێتە ژورەوە لە ڕێگەی هەڵگەڕان بە دیواردا یان شکاندنی دەرگا یان دروست کردنی کون یان لە ڕێگەی کلیلی دروستکراو یان سیفەتی کەسێکی گشتی بداتە پاڵ خۆی یان وا دەری بخات کە خزمەتێکی گشتی ئەنجام دەدات یان بە ڕێکەوتن لەگەڵ کەسێکی نیشتەجێی ئەو شوێنە یان بەکارهێنانی هەر فێڵێک.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا