مۆلیدەی لە باخدا نەهێشتووە

تۆمەتبارێک لە دهۆک دوای هەشت جار دزی کردن دەستگیرکرا

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

پۆلیسی دهۆک دواجار ئەو تۆمەتبارەی دەستگیر کرد کە زیاتر لە مانگێکە بەدوایەوەن و دوو هاوڕێشی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، کەسەکە دزی لە باخی هاوڵاتیان کردووە.

تۆمەتبارەکان سێ کەسن و خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێرن و لە سنووری ناحیەی زاویتە و کۆمەڵگای باگێرا دزیان ئەنجام داوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ـی وت، خاوەن باخەکانی ناحیەی زاویتە و کۆمەڵگای باگێرا سکاڵایان تۆمارکردبوو کە دزێک پەیدا بووە هەر رۆژەو لە باخێک دزی دەکات، بەتایبەت مۆلیدە دەبات، بۆیە هەوڵەکانیان چڕکردەوە و توانیان ئەو کەسە دەستگیر بکەن.

وتیشی، تۆمەتبارەکان مۆلیدەی هەشت باخیان دزیوە و جگە لە کەلوپەلی دیکە، کەلوپەلە دزراوەکانیان لدەگواستەوە بۆ هەولێر و دەیانفرۆشت، ئێستا دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلشدا گیراوە و کەلوپەلەکانیش بە رێژەی 90% گەڕێندراوەتەوە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە دزیان لێ کراوە.

تۆمەتبارەکە ئێستا بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و رادەستی دادگای دهۆک دەکرێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی