لە دەرەوەی هەرێم

حاجیانی هەرێم دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن

964+

بەهرە محەمەدئەمین

ئەو ئاسانکارییەی حکومەتی عێراق بۆ حاجیانی کردووە لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، حاجیانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە دەرەوەی هەرێم.

حاجیانی عێراق، جیاواز لە گەشتیارانی دیکە هەموویان دەتوانن لە رێگەی بارکۆدێکەوە لە هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین، ئەو سێ هەزار دۆلارە وەربگرن، کە بە گەشتیاران دەدرێت، ئەمە تا ئێستا شمولی حاجیانی هەرێمی نەدەکرد.

گەشتیاران، جگە لەوانەی گەشتیاری حەجن، دەبێت لە بانکەکان پارەی عێراقی دابنێن و دواتر لە فڕۆکەخانە دۆلارەکە وەربگرن، بەڵام دەستەی حەج و عەمرە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو دوو بانکە، کارئاسانی بۆ حاجیان کردووە، لە رێگەی بارکۆدێکەوە هەر لە بانکەکان دۆلارەکە وەردەگرن.

ئەم بانکانە هیچ لقێکیان لە کوردستان نییە، بۆیە حاجیانی هەرێم ناتوانن سوودمەند ببن.

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، دوای هەوڵێکی چەند رۆژە لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان ، ئێستا حاجیانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن سوودمەند ببن.

داراسێکانیانی بە 964ی وت، “دەستەی حەج و عەمرەی عێراق نووسراویان ئاراستەی بانکی TBI کردووە تا لە هەرێم ئەوان ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن، بەڵام بانکەکە تا ئێستا کە سەفەری حەج دەستی پێکردووە، وەڵامی نەداوەتەوە، بۆیە بڕیار دراوە حاجیانی کوردستانیش هەر لە لقەکانی ئەو دوو بانکە پرۆسەکە ئەنجام بدەن”.

بە قسەی دارا سێکانیانی،” حاجیانی کوردستان، ناو و زانیارییان لەو بانکانە هەیە، دەتوانن لە لقەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی، پارەکەیان بگۆڕنەوە بە نرخی فەرمی”.

فرۆشتنی دۆلار بۆ گەشتیاران بە نرخی فەرمی، پێشووتر بڕەکەی 7000 دۆلار بوو، دواتر کەمکرایەوە و ئێستا تەنیا 3000 دۆلارە.

بۆ گەشتیاری ئاسایی دەرەوەی حەج پرۆسەکە ئاسان نییە و پێویستە چەند رۆژێک بەر لە گەشتەکەی، لە رێگەی دیجیتاڵییەوە نۆرە وەربگرێت، دواتر بڕواتە بانک و پارەی عێراقی دابنێت، پاشان وەسڵێکی پێ دەدرێت تا چەند کاتژمێرێک بەر لە فڕین، لە فڕۆکەخانە دۆلارەکە وەربگرێت.

گەشتی حاجیان بە رێگەی زەمینی دەستیپێکردووە و سبەیش گەشتی فڕۆکە دەست پێدەکات.

ئەمساڵ 4685 هاوڵاتی هەرێم فەریزی حەج بەجێدەگەیەنن

ئەمساڵ 4685 هاوڵاتی هەرێم فەریزی حەج بەجێدەگەیەنن