سێ مانگی پێدەچێت
لە بازیان بنەتۆی سۆیا بەرهەم دەهێندرێت
964+
پێشەوا محەمەد
بنکەی توێژینەوەی کشتوکاڵیی بازیان یەکەم تاقیکردنەوەی بۆ بەرهەمهێنانی بنەتۆی سۆیا یان پاقلەی سۆیا دەستپێکردووە.
زانیاریی بنکەکە، کە بە 964 دراوە دەریدەخات، توێژینەوەکە سێ مانگی پێویستە تا ئەنجامیان دەستدەکەوێت بۆ بڕیاردان لەسەر پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی بنەتۆکە.
هەژار عەبدولخالق، لێپرسراوی وێستگەی توێژینەوەی کشتوکاڵیی بازیان، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانییە بە 964ـی راگەیاند، یەکەم جارە بنەتۆی سۆیا بەرهەم دەهێنن و لە مانگی 21ـی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە.
وتیشی، “بنەتۆکە بە چوار قۆناغ دەچێنین، 10 رۆژ 10 رۆژ تەرزێکی تری دەچێندرێت، تا چاندنەکە وەرزی بەهار و هاوینی و گەرمی هەبێت تا بزانین لە کام کەشدا باشتر پێدەگەن”.
بنکەکە پێشتر توێژینەوەی لەسەر بەرهەمهێنانی بنەتۆی نیسک و گەنم و جۆ کردووە.
“دەمانەوێت بنەتۆیەکی کوردیی پتەو بەرهەم بهێنین، کە بەرگەی کەشوهەوای هەرێم بگرێت و بەرگریی بەرامبەر نەخۆشییەکان هەبێت و بەرهەمەکەی زۆر بێت”، ئەوەش قسەی هەژار عەبدولخالقە.