دیمەنی نوێنەرایەتی کۆمپانیاکە بۆ دیوانی شارەوانی سەیدسادق _ وێنە: شارەوانی سەیدسادق
سێ ماستەرپلانی لایە
کۆمپانیای ماستەرپلانەکە گەڕایەوە سەیدسادق و داواکاری هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆمپانیای ( دار العمران ) ئوردنی، کە ساڵی 2014 کارەکانیی دیزاین کردن و رێکخستنی سنوری هەریەک لە قەزاکانی (دەربەندیخان و سەیدسادق) و ناحیەی (عەربەت)ی لە سلێمانی راگرت، پاش 10 ساڵ گەڕایەوە بۆ تەواوکردنی کارەکە.
سۆراغی 964 ئەوەی دەرخست، ئەو کۆمپانیایە کە پێشتر گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەبووە، بۆ تەواوکردنی کارەکانی ماستەرپلانی ئەو سێ شوێنە لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی فراوانبوونی سنورەکانیان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، داوای گرێبەستێکی نوێی کردووە و گرێبەستە کۆنەکە رەتدەکاتەوە.
بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیاکە، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی و لێپرسراوی بەشی نەخشەی بنەڕەتی و رووپێوی، سەردانی مەیدانیان بۆ هەر سێ شوێنەکە دەستپێکردووە و چوونەتە دیوانی شارەوانی سەیدسادق.
ئەمڕۆ شەممە 25.5.2024، حەمزە محەمەد، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق بە 964ی وت، “ساڵی 2014 بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی ئەوکات، کۆمپانیاکە کارەکانی راگرت و لەو کاتەوە کارکردن لە ماستەرپلانی ئەو سێ شوێنە کە لەلایەن کۆمپانیای (دار العمران) جێبەجێ دەکرا راگیران، ئێستا وایان نیازە دەست بەکارکردن بکەنەوە و ئیدارەی شارەکەش هاوکاریان دەبێت”.
ماستەر پلان، کە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ رێکخستنی سنور و پڕۆژەکان و توانای مرۆیی و خودکار، بۆ سنوری شارەوانییەکان و و وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان و گەشتیارییەکان وەک پلانی بەرچاو روون تەماشا کراوە، حەمزە محەمەد ئەوەی وت، “ئەوەی زانیاری بێت و هەماهەنگی بێت، لەگەڵ کۆمپانیاکە ئەنجامی دەدەن، تا پڕۆسەکە ورد برواتە پێشەوە و کۆمپانیاکە باوەڕی بەوە هێناوە، کە دەست بە کارەکانی بکاتەوە بۆ بەجێگەیاندنی کارەکانی ماستەرپلانی سەیدسادق، دەربەندیخان و عەربەت”.
هەروەها، سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بۆ 964 ئەوەی وتووە، “بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی ماستەرپلانی دەربەندیخان ئەو کۆمپانیایە گرێبەستی کردووە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەنجامدانی نەخشەسازی گشتگیر بۆ 20 ساڵی داهاتووی دەربەندیخان”.
وتیشی، “خودی پرۆژەکە ساڵی 2012 بڕیاری لێدراوە تەنیا بۆ دەرەبەندیخانیش نەبووە قەزای سەیدسادق و ناحیەی عەربەتیشی تیادا بووە، بەڵام بەهۆی بێ پارەییەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە”.
بە گوێرەی ناوەڕۆکی پلانی کۆمپانیاکە بێت کە 964 سۆراغی کردووە، “ماستەر پلانەکە خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی زەوی و هاتوچۆ و ژینگە و گەشەی ئابوری و لایەنی گەشتیاری و وەبەرهێنان لە بڕی ئاو و کارەبای پێویست بۆ ئەو 20 ساڵەی لە گرێبەستە جێگیرکراوەکەدا هەیە”.