مامۆستایەکی زانکۆی رۆژئاوا:
“ئەگەر بڕیارەکەی زمانی کوردی تەنیا بۆ حەفتەوانە بێت رەت دەکرێتەوە”
ئیبراهیم حسێن – رۆژئاوای کوردستان
دکتۆر بەشیر مەلا، مامۆستای بەشی کوردی لە زانکۆی رۆژئاوا، تیشک دەخاتە سەر دۆسیەی زمانی کوردی و پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان لە سووریای نوێدا، هۆشداری دەدات کە هەر بڕیارێک مافی زمانەوانیی کوردان وەک نەتەوەیەکی رەسەن فەرامۆش بکات، رووبەڕووی ناڕەزایەتیی توندی جەماوەری دەبێتەوە.
دکتۆر بەشیر بە 964 ی وت، تاوەکو ئێستا 60٪ی دامەزراوەکان تێکەڵ کراونەتەوە. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە حکومەتی کاتیی سوریا زیاتر جەختی لەسەر لایەنی ئەمنی کردووەتەوە، بەڵام بۆ گەلی کورد، بابەتی سەرەکی و بنەڕەتی بریتییە لە “دانپێدانان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی” لە سەرانسەری سوریا و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن.
سەبارەت بە دەنگۆکانی پەیوەست بە کەرتی پەروەردە و زانکۆکان، دەڵێت “ئێمە چاوەڕوانی بڕیارە فەرمییەکانی حکومەتی کاتین، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە بەو شێوەیە بێت کە تەنیا وانەیەکی زمان وەکو حەفتەوانە بۆ کوردی تەرخان بکرێت، ئەوا گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکاتەوە.”
ئەوەش رووندەکاتەوە، کە مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی کوردی وەک زمانێکی بیانی هاوشێوەی ئینگلیزی، فەڕەنسی یاخود تورکی قبوڵکراو نییە، چونکە کوردی زمانی نەتەوەیەکی سەرەکی و خاوەن خاکی ئەم وڵاتەیە.
ئەم پسپۆڕەی زمانی کوردی جەخت دەکاتەوە کە سەقامگیریی راستەقینە لە سوریادا تەنیا بە دانپێدانان بە مافی هەموو پێکهاتەکان و لە سەرووشیانەوە کوردان دێتە دی، دەشڵێت “ئەگەر حکومەتی کاتی دان بە زمانی کوردیدا نەنێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە خەریکین ئەزموونە تاڵەکەی حزبی بەعس دووبارە دەکەینەوە.”
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن