هۆکارەکەی کەشوهەوایە

ئەمساڵ بەرهەمی شیلکی خانووە پلاستیکییەکان کەمە

پێشەوا محەمەد

ئەو جوتیارانەی لە خانووە پلاستیکییەکاندا شیلکیان بەرهەمهێناوە دەڵێن ئەمساڵ بەرهەمەکەیان کەمە، پسپۆڕێکی کشتوکاڵیش هۆکارەکەی بۆ شێداریی کەشوهەوای ئەمساڵ دەگەڕێنێتەوە.

ساڵح مەحمود، جوتیارێکی قەزای بازیانە و هەشت خانووی پلاستیکی هەیە و سەرجەمیان شلکن، ئەو بە 964ـی راگەیاند، بەرهەمی شیلکیان کەم بووەتەوە و داوای لێکۆڵینەوەیان لە کشتوکاڵی بازیان و پسپۆڕان کردووە.

وتیشی، “ئەگەر بۆ نموونە من ساڵی رابردوو بە هەمان رێژەی نەمامی شیلک سێ تۆنم هەبووبێت ئەمساڵ 700 کیلۆ بۆ تۆنێک کەمترم هەیە و هەموو جوتیارەکانیش بەو شێوەیەن”.

بەپێی بەدواداچوونەکانی 964، کەمبوونی بەرهەمی خانووە پلاستیکییەکان لەمساڵدا لە پارێزگای سلێمانی گشتگیرە و سەرجەم بەرهەمەکانیشی گرتووەتەوە، بەڵام بە پلەی یەک شیلک کەمبووەتەوە.

ناسک عومەر، لێپرسراوی هۆبەی خۆراک لە کشتوکاڵی دوکان بە 964ـی راگەیاند، کەشوهەوای ئەمساڵ شێدار و باراناویی بوو و بە گشتی گەشەی رووەک دواکەوتبوو بەهۆی شێداریی زەوی و کەشوهەوای سارد.

وتیشی، “ئەو بارودۆخە جێی نیگەرانی نییە ئەگەر جوتیار بەو شێوەیەی رێنمایی پێدراوە دەرمان و سەماد بەکاربهێنێت”.