تۆمەتباران ئازادکران
باوکی د.فرمێسک: دادگا نازانێ کچەکەمان چۆن خنکاوەو بریاریشی دا
964+
شیراز عەبدوڵا- هەولێر
دوای نزیکەی سێ ساڵ و 20 دانیشتن، دادگای هەولێر بڕیاری بێتاوانی تۆمەتبارانی کەیسی خنکانی دکتۆر فرمێسکی دەرکرد
لە رۆژی 7ی ئەیلول ساڵی 2021 کچە پزیشکێکی ددان بە ناوی فرمێسک فەرهاد لە یەکێک لە مەلەوانگەکانی هەولێر خنکا، دواتر بنەماڵەکەی وتیان مردنەکەی گوماناوییە و سکاڵایان تۆمار کرد، ئەمڕۆش دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەردا.
فەرهاد مەلاحەسەن، باوکی دکتۆر فرمێسک 964ی وت، “ئەو بڕیارە لەلای ئێمە رەتکراوەیەو گومان دەخاتەسەر دامەزراوەکانی دادوەری لە هەرێم، چونکە لە کەیسەکەدا بەڵگەی هەبوونی کەمتەرخەمی و کەمو کوڕی لەلایەن مەلەوانگەکەبەردەستە و دراوەتە دادگا”.
بە قسەی فەرهاد مەلا حەسەن، کارگێڕی مەلەوانگەکە لە ئاستی پێویستدا نەبوون بۆ بەڕێوەبردنی مەلەوانگەکە، رزگارکەری مەلەوانگەکەش نە فریاگوزاری خێرای بۆ خنکاوەکە کردووە نە بە خێرایی گەیاندوویەتیە نەخۆشخانە”.
964 زانیویەتی، دکتۆر فرمێسک، مەلەوانێکی بەتوانا بووە و هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنیشی نەبووە.
خانەوادەی دکتۆر فرمێسک دوای بڕیارەکەی دادگا دەڵێن، “سەرەرای بڕیاردان هێشتا دادوەری داگاکە نازانێت هۆکاری خنکانی کچەکەمان چییە، نەک هەر دادگا بۆ ئێمە و هیچ کەسی دیکەش هۆکارەکە روون نیە، بۆیە بڕیارەکە تەواو پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی بنەماڵەکەیە وبەگوێرەی یاسا رێکار دەگرینە بەر، تا هۆکاری خنکانەکەی بزانین”.
ئەمڕۆ دواین دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە کە دانیشتنی ژمارە 20 بوو بەڕێوە چوو، دادگا بڕیاری لەسەر کەیسەکە دا و وتی تۆمەتبارەکان بێتاوانن ، بەڵام خانەوادەکەی رایانگەیاند دادپەروەرانە نیە و رێکار دژی بڕیارەکە دەگرنەبەر.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین