ئەو حەبانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە. فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان
"بازرگانی مادەی هۆشبەرن"
لە خەبات دوو کەس بە 8500 حەبی هۆشبەرەوە دەستگیر کران
964+
ژووری هەواڵ
لە قەزای خەبات لە هەولێر، دوو کەس دەستگیر کران کە هەشت هەزار و 500 دەنک “حەبی هۆشبەریان” پێبووە و تۆمەربارن بە بازگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.5.2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، حەبەکان لەنێو 850 شیت بوون لە جۆری ترامادۆڵ، هەردوو تۆمەتبارەکەش 21ـی ئایار دەستگیرکراون.
“تۆمەتبارەکان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان راگیراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی دەستخستنی ئەم جۆرە حەبە”، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان وا دەڵێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی 964، لە ماوەی 15 رۆژی سەرەتای ئەم مانگیەدا هەرسێ ئاسایشی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، دەستگیرکردنی 14 بازرگان و دابەشکارو سەروو 100 کیلۆ مادەی هۆشبەرو کارگەو جۆری سەیری ئەو مادانەیان راگەیەندراوە، خۆ ئەگەر شەش و بەشی بکەیت رۆژی بەنزیکەیی بازرگانێک و حەوت کیلۆ مادەی هۆشبەر گیراوە.