لۆگۆی تەندروستیی سلێمانی
ساغکردنەوە
تەندروستیی سلێمانی بۆ 964: هاک نەکراوین
964+
پێشەوا محەمەد
تەندروستیی سلێمانی رەتیدەکاتەوە ماڵەپەڕەکەیان هاک کرابێت، وتەبێژەکەیان دەڵێت، کاری تێدا دەکەن و نوێی دەکەنەوە.
چەند رۆژێکە ماڵپەڕی فەرمیی تەندروستیی سلێمانی لەکارکەوتووە، لە هەندێ پەیج و میدیا وا بڵاوکراوەتەوە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتییەکە هاک کرابێت.
سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دەمێک بووە بەرنامەیان هەبووە ماڵپەڕەکەیان نوێبکەنەوە و بە دیزاینێکی نوێوە دەریبخەن، بۆیە ئەم ماوەیە کاری تێدا دەکەن و بە شێوەیەکی نوێ دەست بڵاوکردنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانیان دەکەنەوە.
وتیشی، “ماڵپەڕەکە بەهۆی ئەوەی تایبەتە بە چالاکی و هەواڵی تەندروستیی سلێمانی پێویستی بە دیزاینێکی باشتر هەبوو تا میدیاکاران و هاوڵاتیان خزمەتگوزاری و چالاکییەکان بە شێوەیەکی شیاوتر ببینن”.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، جگە لە ماڵپەڕەکەی، پەیجێکیشی هەیە و هەواڵ و چالاکی و ئاگادارییەکانیانی تێدا بڵاودەکەنەوە.
وتەبێژەکەی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، لە چەند رۆژی داهاتوودا ماڵپەڕەکە دەکەوێتەوەکار.