دیمەنی پاشماوەی گەشتیاران لە گوندی سەرگەتی هەورامان _ وێنە: لە هەژماری sargat وەرگیراوە
گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاگادارە؟
توێکڵە شووتی و بوتڵی ئاو لای کانیاوەکانی سەرگەت فرێدراون
964+
ئەحمەد مستەفا
توێکڵە شووتی، بوتڵی ئاو، قاپ و سفرەی سەفەری لەو پاشماوە دیارانەن کە لە کانیاوەکانی گوندی سەرگەت لەلایەن گەشتیارانەوە جێهێڵدراون، گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە 964ی وت، “تیمی پێویستمان نییە و داوای دابینکردنی سەللە خۆڵ دەکەین”.
گوندی سەرگەت لە هەورامان دەکەوێتە سنووری ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە، یەکێکە لەو گوندانەی زۆربەی کات سەوزە و کانیاوەکانی ئاودارن و کەمترینیان ووشک دەکەن.
بە گوێرەی ئەو وێنانەی 964 بینیویەتی، خەڵکانێکی زۆر لە گەشتیار و خەڵکی خۆجێی سەردانی سەرچاوە کانیاوەکانی گوندەکەیان کردووە، پاشماوەیەکی زۆر لەسەر رێگە و ناو مەنهۆڵ و رێڕەوە ئاوییەکان جێهێڵدراون، سەرەڕای ئەوەی لە زیاتر لە دوو شوێن بە تابلۆیەکی گەورە نوسراوە، “تکایە پاکوخاوێنی بپارێزە”.
ئەنجومەنی گوندەکە گەشتوگوزاری هەڵەبجەیان ئاگادار کردووەتەوە
بەرپرسێک لە گەشتوگوزاری هەڵەبجە زانیارییەکانی پشتراست کردەوە و ئەمڕۆ سێشەممە 21.5.2024 بە 964ی وت، “ئەنجومەنی گوندەکە ئاگاداریان کردووینەتەوە، ئەگەرچی پێمان وایە تا رادەیەک دوورە دەستە و گەشتیارێکی زۆری بۆ ناچێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە داوا دەکەین، سەلەی خۆڵمان بۆ دابین بکرێ تا لە سەرچاوە ئاوییەکانی سەرگەت دایان بنێین”.
ئەو بەرپرسە کە لە مۆڵەتی فەرمانگەکەیدا بوو لەبەر گرنگی بابەتەکە قسەی لە بارەوە کرد، ئەوەشی وت،”پاسەوانی ناوچەکە بەردەوام ناتوانن سەردانی کانیاوەکان بکەن، هەروەها ئێمەش وەک گەشتوگوزار تیمی پێویستمان نییە و ناتوانین بەردەوام سەردانی ناوچە گەشتیاری و کانیاوەکان بکەین. بەڵام تا چارەسەرکردنی پاشماوەکان نەکەین دەست لە کارەکە هەڵناگرین”.
هەڵەبجە خاوەنی دەیان ناوچەی گەشتیارییە، گوندی سەرگەت دەکەوێتە دامێنی چیاکانی هەورامان وی سورە، کە سەرەوەی گوندەکە گوندی دەرەی مەڕە و یەکێکە گوندە دیارەکانی هەورامان و خاوەن چەندان سەرچاوەی کانی و ئەشکەوت و ماڵی بەجێهێڵدراوە، کە بەهۆی سەختی رێگاکە دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2003 وە جێیان هێشتووە.
ژمارەیەک لە دیمەنی پاشماوەکانی گوندی سەرگەت؛