بۆ زوو گەیشتنیان بە رووداوەکان

بەرگریی شارستانیی راپەڕین رێگاکانی خۆی چاک کرد

پێشەوا محەمەد

بەرگریی شارستانیی راپەڕین هەموو ئەو رێگایانەی ناحیەکانی سەروچاوە و شکارتەی چاک کرد، کە لەناو دەشتایی و دەغڵوداندا دروستیان کردبوو و باراناو تێکیدابوون.

رێگاکان بۆ ئاسانکاریی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کراون، تا لە کاتی رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا زوو بگەنە سەر رووداوەکان.

کاوە خضر، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو کارە لە هەموو سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانیان ئەنجام دەدەن و کۆمەکێکی باشیان دەکات لە کاتی رووداوەکاندا.

وتیشی، “ئەو رێگایانە هەم دەوری ئاگربڕ دەبینن لەنێوان زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەم بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی زۆر پێویستن و پێش وەرزی هاتنی گەرما و پێگەیشتنی گەنم و جۆ چاک دەکرێن”.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، ساڵی رابردوو ئاگرکەوتنەوەیان لە دەغڵوداندا زۆر کەم بووە و نەگەیشتووەتە چەند دۆنمێک.

کاوە خضر هیواداربوو جوتیاران پابەندی رێنماییەکانی بەرگری شارستانی بن تا دووربن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە و بەباچوونی رەنجی ساڵێکیان.