عێراقچی: سەردانەکەم بۆ عێراق لە کاتێکی تایبەت دایە

فواد حسێن: شەڕ لە ناوچەکە بەردەوامە و داوای کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو دەکەین

شۆڕش قادری

فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێران دەکات و دەشڵێت، هێشتا شەڕ بەرۆکی ناوچەکەی بەرنەداوە.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، فواد حسێن و عێراقچی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و فواد حسێن سەردانەکەی عێراقچی بۆ بەغدای دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکای بە گرنگ وەسفکرد و وتی، “ناوچەکە بە چەند شێوەیەک دەتوانێ خۆی لە شەڕ و ئاژاوە بپارێزێت و داوای کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئێرانیش دەکەین”.

“لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا عێراق تووشی چەندین هێرش بوو، داخستنی گەرووی هورموزیش هەناردەی نەوتی وڵاتەکەمانی راگرت و کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری دروست کرد”، فواد حسێن وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ لە ناوچەکەدا تاوەکوو ئێستاش بە شێوەیەکی دیکە بەردەوامە و لە جەرگەی گەرووی هورمز شەڕ و پێکدادانی سەربازی هەیە.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی، “سەردانەکەم بۆ بەغدا لە کاتێکی تایبەت دایە و باس لە هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی دەکەین”.

ئاشکراشیکرد، سوورن لەسەر بەردەوامبوون لە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بوارە ستراتیژییەکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28.6.2026 عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیارە جگە لە تاوتوێکردنی چەند پرسێکی سیاسی و ئەمنیی، بابەتی ئامادەکارییەکان بۆ رێوڕەسمی هێنانی تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی ئێران لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق باس بکات، کە بڕیارە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو بهێنرێتە هەردوو شاری نەجەف و كەربەلا.