ئێران.. عێراق چووەتەوە باوەشی عەرەبەکان پشتی لێمان کردووە

+964

هێرۆ مەولودی – هەولێر

نووسەرێکی نزیک لە خامنەیی، هێرشێکی توند دەکاتە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەوە تۆمەتباری دەکات کە پشتی لە ئێران کردووەو لە جامی کەنداو باوەشی بۆ عەرەب کردۆتەوە.

موحسین رەفیق، لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی کەیهان بڵاوکراوەتەوە، بە توندی هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراقی، بەوە تۆمەتباریان دەکات کە پشتییان لە ئێران کردووە.

موحسین رەفیق کە بە نووسەرێکی نزیک لە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها رۆژنامەکەش زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانە،
لە وتارەکەیدا نووسیویەتی سیاسییەکانی عێراق دوای کەوتنی رژێمی پێشوو پاڵپشتی سیاسی و دارایی ئێرانیان هەبوو، بەڵام ئێستا بوێرترن و چوونەتەوە باوەشی عەرەبەکان و پشتیان لە برا ئێرانیەکانیان کردووە.

ئەو نووسەرە ئێرانییە لە وتارەکەیدا وەڵامی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتەوە لەسەر ئەو دیمانەیەی لەگەڵ کەناڵی دویچە ڤێلەی ئەڵمانی کردبووی.

سەرۆک وەزیران عێراق لە دیمانەکەیدا باسی رۆڵی وڵاتانی عەرەبی کردووە و وشەی کەنداوی عەرەبی بەکار هێناوە، لەسەر ئەمە گلەیی لێدەکات.

هەمان ئەو نووسەرە، پێشتر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە دەستی هەبووە لە کوشتنی قاسم سلێمانی.

ئەو نووسەرە لە وتارەکەیدا بڕوایوایە ‌حکومەتی ئێستای عێراق بە تەواوی پشتی لە ئێران کردووە.