وێنەی رەئیسی لەگەڵ عەبدوڵاهیان.وێنە.ئاژانسی فەرمی ئێران
لە تەورێزەوە
سبەی مەراسیمی ماڵئاوایی سەرۆکی ئێران و یاوەرانی دەست پێدەکات
964+
بەهرە محەمەدئەمین
حەسەن حەقیقیان، بەڕێوەبەری گشتیی سیاسی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات راگەیاند، سبەی سێشەممە ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و ماڵئاوایی تەرمی ئیبراهیم رەئیسی و هاوەڵانی لە تەورێزەوە بەرەو تاران بەڕێوەدەچێت.
حەقیقیان بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئاشکرای کردووە، ئێستا تەرمەکان دەگوازرێنەوە بۆ تەورێز و سەرەتا دەبرێن بۆ پزیشکی دادیی.
بە قسەی سەرچاوەکە، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، “سبەی لە کاتژمێر 9:30 بەیانی لە رێوڕەسمێکی شکۆمەندانە تەرمی رەئیسی و یاوەرانی لە گۆڕەپانی شەهیدانەوە بۆ موسەڵای تەورێز بەڕێ دەکرێن و دواتر بە مەبەستی تەواوکردنی رێوڕەسمەکە دەگوازرێنەوە بۆ تاران”.
هەر بەم بۆنەیەوە سبەی لە تەواوی فەرمانگەکانی تەورێزجگە لە پەروەردە پشوو دەبێت.
تەرمی رەئیسی و یاوەرانی دوای 15 کاتژمێر گەڕان بە بەشداری تیمەکانی ئێرانی و دەرەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆزرانەوە.
دوێنێ یەکشەممە هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی. سەرۆکی ئێران لە کاتی گەڕانەوەی لە تەورێزەوە تووشی رووداوێکی سەخت بوو، رەئیسی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژهەڵات و پێش نوێژی شاری تەورێز و تیمی هێلیکۆپتەرەکە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەست دا.