دیمەنى ناوچەیەکى گەشتیاریی لە سنورى پارێزگاى دهۆک. وێنە: گەشتوگوزاری دهۆک
"گەشتیاری ئێرانی دێنە کوردستان"
کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان و ئێران یاداشتنامەیەکیان واژوو کرد
964+
ژووری هەواڵ
کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد و هەردوولا دەیانەوێت گەشتیاری زیاتر بۆخۆیان پەیدا بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.5.2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لەسەر بانگهێشتی ئەوان، خاوەنی 30 کۆمپانیای گەشتیاری و سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەر یەک لە پارێزگاکانی تاران، قەزوین و لورستان بۆماوەی سێ رۆژ لە هەرێمی کوردستان بوون.
لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا شوێنە گەشتیارییەکان و سرووشت و شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان پیشانی کۆمپانیاکان و بەرپرسانی ئێران دراون.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت،”لە کاتی مانەوەیان سەردانی شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئاشنا بوون بە گیانی میوانی دۆستی و ئەو ئاسایش و تەباییەی کە لە کوردستان هەیە”.
بە وتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، ئامانج لە یاداشتنامەکە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولایە و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی گروپی گەشتیاری دەکەن و گەشتیاری زیاتر لە ئێرانەوە دەهێنرێن بۆ کوردستان.