70 کۆمپانیاش بەشدار دەبن
گەشتوگوزاری هەرێم بەشداریی پێشانگای بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و 70 کۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆکەوانیی هەرێم بەشداریی پێشانگای بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی دەکەن، کە لە شەش تا نۆی ئەم مانگە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەو پێشانگایە دەرفەتی زێڕین دەڕەخسێنێت تا چەندان رێککەوت و لێکتێگەیشتن لەنێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئەنجام بدرێت بۆ ئاڵوگۆڕی گەشتیاری و زیادکردنی گەشتیاری بیانی لە هەرێمی کوردستان.
وتیشی، “ئامانج لە بەشداریکردن بریتییە لە ناساندن و بە بازاڕکردن بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاشناکردنی بەشداربووانی پێشانگا بە سروشت و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بنیادنانی شارستانیەتدا”.
بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە لەسەر ئاستی حکومی و کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی گەشتیاری بەشداریی تێدا دەکەن.
وتەبێژەکەی دەستەی گەشتوگوزار روونیشیکردەوە، بەشداریکردن لەو پێشانگایە دەتوانێت ئاسانکاری بۆ دەستپێشخەرییەکانی پەرەپێدانی بازرگانی بکات وەک دەستەبەرکردنی هاوبەشی لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان، زنجیرە هۆتێلەکان و دامەزراوەكانی گەشتیاری، هەروەها پێشخستنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا.