کاتی نۆژەنکردنەوەیە
قیری بەشێک لە شەقامەکانی کۆیە نوێ دەکرێتەوە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
شەقامی دووسایدی بەردەم مزگەوتی مەلای گەورە لە کۆیە، تاوەکو بەردەم کۆمەڵگەی کۆیەی ناحکومیی دووبارە قیرتاو دەکرێتەوە.
ئەوەش دوای فراوانکردنی شەقامەکە و لابردنی زیادەرۆییەکانی دوکانەکانی سەر شەقامەکە، هەروەک رەسیفی شەقامەکەش رێکدەخرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.5.2024، کێوان جەلال، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ی وت، “ئەگەر باران رێگر نەبێت، تەواوی شەقامەکە قیڕ دەکەین، ئەو چینە قیڕەی کە دەکرێت ئەستوورییەکەی شەش سانتیمە و لە زمانە ئەندازیارییەکەی پێی دەوترێت چینی بڵایندەر”.
بە قسەی ئەو ئەندازیاری سەرپەرشتیارە، “جگە لەو شەقامە بەشێکی تری شەقامەکانی قشڵە و نەخۆشخانەی کۆنی کۆیەش لە بەرنامەدایە، دووبارە قیڕتاو بکرێەوە”.
بەهۆکاری کەشوهەوا و کۆنی بەشێک لە شەقامەکان زۆرێک لە رێگەکان هەڵوەشاون یان چاڵی گەورەیان تێدا دروستبووە.
درێژی ئەو شەقامەی کە لەبەردەم مزگەوتی مەلای گەورەی کۆیە بۆ کۆمەڵگەکە نزیکی کیلۆمەترێک دەبێت، دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغە قیرتاوکردنی بەشێکی تری شەقامەکانی ناوشار دەستپێدەکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا