"دەستدرێژیی سێکسیشیان کراوەتەسەر"
دوو کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانێکی تورکیا ئەشکەنجە دراون
فەرهاد حەسەن
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکانی تورکیا، دوو کۆڵبەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی رەسوڵ بامیری و سەڵاح بامیری، لە زیندانێکی تورکیا لە پارێزگای هەکاری (جۆلەمێرگ) ئەشکەنجەی توند دراون و دەستدرێژیی سێکسیشیان کراوەتە سەر.
ماڵپەری (کۆڵبەرنیوز) کە چاودێری دۆخی کۆڵبەرەکان دەکات، زانیارییەکانی لە ئاژانسی میزۆپۆتامیا و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) و کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ÖHD)وەرگرتووە، کە سەڵاح (39 ساڵان) و رەسوڵ (48 ساڵان) رایانگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیان لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی شەمزینان، رووبەڕووی ئەشکەنجەی توند و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە.
ئەم دوو کۆڵبەرە، لە رۆژی 15.5.2026 لە ناوچەی سنووریی شەمزینان لە پارێزگای هەکاری و لە کاتی هاتوچۆی سنووریدا دەستبەسەرکراون، پاشان گوازراونەتەوە بۆ گرتووخانەی پۆلیس و لەوێشەوە بۆ زیندانی شاری جۆلەمێرگ.
بەپێی بەدواداچوونی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چەند پارێزەرێک لە رۆژی 22.6.2026 توانیویانە ئەم دوو کۆڵبەرە ببینن و قسەکانی ئەوانیان بە شێوەی نووسراو تۆمار کردووە.
رەسووڵ بامیری وتویەتی، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا کراوەتە ئامانجی ئەشکەنجەی توند و توندوتیژیی سێکسی، هەردوو کۆڵبەرەکەش وتویانە کە پرۆسەی پشکنینی پزیشکی بەبێ ئامادەبوونی وەرگێڕ بەڕێوەچووە و دۆخ و رووداوەکان بە تەواوی تۆمار نەکراون.
بەپێی هەمان ئەو ڕاپۆرتانە، هەندێک لە کارمەندانی زیندانەکە لەو لێدوانانەی کە لەلایەن پارێزەران تۆمار کراون، وتوویانە کە کەسانی نەناسراو کە خۆیان وەک دەزگا ئەمنییەکان ناساندووە، شەوانە چوونەتە ناو زیندانەکە و ئەم دوو زیندانییەیان بۆ شوێنێکی تر گواستووەتەوە و توندوتیژییان لە دژیان بەکارهێناون. بەپێی ئەم لێدوانانە، بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکەش هیچ کاردانەوەیەکی کاریگەری نیشان نەداوە.
بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی دەوڵەتیی جۆلەمێرگیش لە رۆژی 18.5.2026 راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە هیچ ئاماژەیەکی بە دەستدرێژی نەکردووە، بەڵام لە راپۆرتی دەەمیدا کە دوو رۆژ دوای ئەوە بڵاویکردووەتەوە، هەندێک لەو حاڵەتانەی پەیوەستن بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژییەکە تۆمار کراون.
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی (کۆڵبەرنیوز) ، لە سەرەتای ساڵی 2020 تاوەکو ئێستا، 25 کۆڵبەر لە ئەنجامی تەقەکردن، لێدان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی سوپای تورکیا کوژراو و بریندار بوون، کە تیادیاندا 11 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 14 کۆڵبەری دیکەش لە هەمان ماوەدا، لەلایەن هێزەکانی سوپای تورکیا کراونەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ، لێدان و ئەشکەنجەدان و بریندار بوون.