"کاریگەریی لەسەر مەینی خوێن هەبووە"
ژمارەیەک خوێندکار گیایەکیان دۆزیوەتەوە دژی ژەهری مارە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
سێ خوێندکاری زانکۆی سۆران لە توێژینەوەیەکی زانستی، لە رێگای دۆزینەوەی جۆرە گیایەک دژە ژەهری ماریان دروستکردووە.
توێژینەوەکە لە قۆناغی یەکەم ئەنجامەکەی باش بووە، بەگوێرەی قسەی پسپۆرە سەرپەرشتیارەکەیان، “رێگری کردووە لە مەینی خوێنی مرۆڤ”.
سەرکەوت یەکێکە لەو خوێندکارانە، شاخ بە شاخ دەگەڕێت بۆ دەستکەوتنی گیایەکە، دواتریش لە تاقیگەی زانکۆ دژە ژەهری ماری لێ دروستدەکات.
سەرکەوت تەحسین، کە خاوەنی بیرۆکەکەیە، قسە بۆ 964 دەکات و دەڵێت، “گیایەکە ناوی گیا مارییە، کە بەکاریدەهێنین دژ بە ژەهری مار، توێژینەوەکەمان سەرکەوتوبووە، پێشتر کاری لەم شێوەیە نەکراوە، دەمانەوێت زیاتر پەرە بە داهێنانەکەمان بدەین”.
دکتۆر ئاکام جاسم، کە پسپۆڕی کیمیایی ژیانی پزیشکیە و ئاگاداری توێژینەوەکە بووە، بۆ 964 دەڵێت، “لە رووی زانستی توێژینەوە کاری خوێندکارەکان سەرکەوتوو بووە، ئەو دژە ژەهرەی دروست کراوە بە رێژەی %41 تا %50 رێگری لە خوێن مەین دەکات”.
“دەکرێت لە داهاتوو چارەسەری سروشتی لە گیای شاخەکانی کوردستان دروستبکرێت دژە بە ژەهری مار، ئەو گیراوە شلەی خوێندکارەکان لە گیای سروشتی دروستیان کردووە، هەندێک تایبەتمەندی هەیە کە باشترە لەو دژە ژەهرانەی لە نەخۆشخانەکان وەک چارەسەر بەکاردێت”.
ئەو گیای دەکرێت بە چارەسەر، ناوی گیا مارە لە ناوچە شاخاویەکا دەڕوێت، دوای وشککردنەوەی بە چەند قۆناغێکی تاقیگەی پزیشکی تێدەپەڕێت تاوەکو دژە ژەهرەکەی لێ دروستدەکرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا