دوێنێ شەو چی گوزەرا؟
بوومەلەرزەکەی چەمچەماڵ و دۆسیەی گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی
پەری ساڵح
لەنێوان بوومەلەرزەی چەمچەماڵ، ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی لە عێراق و شەوێکی خوێناوی و ئاڵۆز لە موسکۆ، ئەوەی دوێنێ شەو روویدا لێرەوە بیزانن:
📌شەوی رابردوو جارێکی تر بوومەلەرزە بە گوڕی 3.5 پلەی رێختەر چەمچەماڵی هەژاند، بە قوڵی 12 کیلۆمەتر و بە دووری 2 کیلۆمەتر لە باکووری چەمچەماڵ.
📌دەسەڵاتی دادوەری عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار، 200 ملیۆن دینار، 60 کیلۆگرام زێڕ و 7 ئۆتۆمبێلدا گیراوە، ئەم سەروەت و سامانە لە ئاکامی بەهەدەردانی سامانی گشتی بووە لە پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت، کە پەیوەندیدارە بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی و تۆمەتبارانی دیکەی هاوکاری.
📌شانەی ئەمنی عێراق نوێترین ئاماری پرۆسەی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی چەکی راگەیاند؛ تاوەکو ئێستا 580 هەزار پارچە چەک تۆمار کراون و رێژەیەکی زۆری چەکی جۆراوجۆریش وەرگیراونەتەوە.
📌شارەوانی موسکۆ رایگەیاند؛ کە شەوی رابردوو پایتەختی روسیا بە 600 درۆن لەلایەن ئۆکرانیاوە کراوەتە ئامانج،لە ئەنجامدا سێ کەس برینداربوون و زیانێکی ماددی زۆریش بەر ناوچەکە کەوتووە.
📌عەمید باقر زادە، سەرۆکی لیژنەی گەڕان بەدوای ونبووەکان لە هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، سێ فڕۆکەوانی ئێرانی دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لە قەتەر، لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتەوە بەدیل گیراون، داوای ئازاکردنیان دەکەین.
📌وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە دیل گرتنی سێ فڕۆکەوانی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، روفاتی یەکێک لە فڕۆکەوانەکانمان دۆزیوەتەوە و تارانمان لێئاگادار کردووتەوە تا بێن و بیبەنەوە.
📌فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی شارۆچکەی “دێر الزهرانی”یان لە باشووری لوبنان کرد، وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش کوژرانی 2 کەس و برینداربوونی 9 کەسی دیکەی لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا راگەیاند.
📌کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی: بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان دەکات.
📌سوپای ئیسرائیل: لە هێرشێکی دوێنێدا بۆ سەر دێر ئەلزەهرانی لە باشووری لوبنان، فەرماندەیەک لە یەکەی بەدری سەر بە ح*زبو*ڵڵا کوژرا.
📌نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند؛ ح*زبو*ڵا ئاگربەستی لە لوبنان پێشێل کردووە و ئەو سەربازانەی کە پارێزگاری لە شارۆچکە سنوورییەکان دەکەن کردوونیەتیە ئامانج، لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی داوەتەوە و بارەگایەکی بۆردومان کردووە کە فەرمانی ئەنجامدانی هێرشەکەی لێوە دەرچووە، ئەوان بە ئەنقەست هاوڵاتی مەدەنی لە ناو ئەو کۆمەڵگە سەربازییەدا جێگیر کردووە.
📌جوزێف عەون سەرۆکی لوبنان: ئەم هەنگاوانەی ئیسرائیل پەیامێکی روونن بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا و ئاستەنگکردنی رێڕەوی دانوستانەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوارچێوە.
📌سەرچاوە یەمەنییەکان بۆ سکای نیوز عەرەبی: بەرگرییە ئاسمانییەکان رووبەڕووی هێرشی درۆنی حوس*ییە*کان بوونەتەوە لە ئاسمانی شارۆچکەی ئەلمەخا.