وێنەى ئەو پاشماوەى کەلەپورییەى لە رووبارى سیروان دۆزرایەوە... وێنە: شوێنەوارى گەرمیان
چۆن دەزانرێت؟
ئەو پاشماوە کەلەپورییەى لە رووبارى سیروان دۆزرایەوە هى سەردەمى ئینگلیزەکانە
964+
وریا فەتاح
ئەو پاشکاوە کەلەپوورییەى لە رووبارى سیروان بەهۆى لافاوەوە دەرکەوت، مێژوویەکى کۆنى نییە و بۆ نزیکەى 100 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
رۆژى 17.5.2024، لە رووبارى سیروان و لە سنوورى ناحیەى قورەتوو، پاشماوەیەکى تایبەت بە سەردەمى ئینگلیزەکان بەهۆى لافاوەوە لە شێوەى قولەیەکى پاسەوانى دەرکەوت.
ساڵح محەمەد بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى گەرمیان بە 964ـى وت،”پاشماوەکە زۆر کۆن نییە، بەپێى ئەو خشتانەى لە دروستکردنیدا بەکارهێنراوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ئینگلیزەکان، واتا لە سییەکانى سەدەى رابردوو، چونکە پێشتر ئەو بەردانەمان بینیون ئینگلیزەکان لەو سنوورەدا بۆ دروستکردنى خانوو بەکاریان هێناون”.
بە وتەى ساڵح محەمەد، خەڵکە بەتەمەنەکانیشیان پێشتر ئەو شوێنەوارەیان نەبینیوە، هەرچەندە شوێنەوارەکە لەناو زەوییەکى کشتوکاڵیدا بووە.
“پاشماوەکە لە بیر دەچێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەهۆى لافاوەکەشەوە تەنیا چوار دەورەکەى هەڵکەنراوە و هیچ زیانێک بەر پاشماوەکە نەکەوتووە”، ساڵح محەمەد واى وت.