رێگاكهى خراپه
دوو ساڵه گهشتیاران له دۆڵی مەلەکان تۆراون
964+
ئاکام غەفور – خەلیفان
رێگای هەشت گوندی دۆڵی مەلەکان بە تەواوی تێکچوە جگە لەوەی رێگای سەرەکی گوندەکانە، بەهۆی خراپی رێگاكهش چونی گەشتیاریش بۆ ناوچەکە کەمی کردووە.
دانیشتوانی دۆڵی مەلەکان دەڵێن، بەهۆی خراپی رێگاكه گەشتیار روو لە ناوچەکە ناکات، قایمقامیەتی خەلیفانیش دەڵێت، پرۆژە دەرچوە و رێگاکە نۆژەندەکرێتەوە.
محەمەد عەلی، دانیشتووی دۆڵی مەلەکانە بە 964ـی وت، رێگای گوندەکانیان زۆر خراپە وایانلێهاتوە گوندەکانیان چۆڵ بکەن.
وتیشی “ماوهى دوو ساڵە بەهۆی خراپی ئهم رێگایە گەشتیار نایەتە سنوورهكهمان هەر کەسێکیش جارێک سەردان بکات دووبارە نایەتەوە”.
لایخۆشییهوه مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، به 964ـى راگهیاند، پرۆژەیهكیان لهبهردهسته بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای ئەو گوندانە کە بە درێژای 22 کیلۆمەتر رێگاکە نۆژەندەکرێتەوە.
وتیشی “دووهمجارە ئەو پرۆژەیە رادەگەیندرێت بەڵام تاکو ئێستا هیچ کۆمپانیا و بەلێندەرێک ئامادە نەبووە وەریبگرێت”.
ئاماژهى بهوهشكرد، ئەگەر ئەمجارە بەلێندەران پڕۆژهكهیان وەرنەگرت بەدواداچونی بۆ دەکەن و هەر گرفتێک هەبێت چارەسەری دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
دۆلی مەلەکان دەکەوێتە قەزای خەلیفان، گوندەکانی ئەو دۆلە پێکدێن لە، خەندۆر، بلەی خواروو، بلەی سەروو، گۆڕەشێر، تارینی خواروو، تارینی سەروو، کەندۆر و مەلەکان.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن