یەکێک لە شێخەکانی عەرەبی هاوردە... وێنە:964
بزانە چى کردووە
شێخى فیتنەکانى پەڵکانە دەستگیرکرا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
دوای سکاڵای هاوڵاتییەک هێزێکی سوپای عێراق دەچێتە سەر دیوەخانی یەکێک لە شێخەکانی هۆزی شمەڕ و دەستگیری دەکات، کوردانی ناوچەکە ئەو شێخە بەسەر چاوەی فیتنە و پشێوێکانی ئەم دواییەى پەڵکانە و سەرگەران دەزانن.
ناوى خۆى ناوە شێخ و دیوەخانى هەیە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی پەڵکانە تایبەت بە 964 وتى،”فەرحان غزال فەرحان کە خۆی بەیەکێک لە شێخی عەرەبەکانی شمەڕ دەزانێت و سەرچاوەی فیتنەکانی ئەم ناوچەیەیە لەلایەن سوپای عێراقەوە، دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ دەستگیرکرا”.
لەبارەى هۆکارى دەستگیرکردنى ئەو شێخەوە، سەرچاوەکە ئاشکراى کرد، عەرەبە هاوردەکان لە نێو خۆیاندا کردوویانە بە شەڕ و پەلامارى یەکتریانداوە کە ئەو شێخە یەکێک بووە لەسەرچاوەى شەڕەکە و سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە.
“لەکاتى دەستگیرکردنیدا لەبەرامبەر سوپا ئەو شێخە هەڕەشەى سوتاندنى دەغڵودانى جوتیارانى کوردى کردووە”، سەرچاوەکە واى وت.
جەختیش دەکاتەوە، فەرحان غەزال فەرحان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا بەردەوام لە کێشە و گرفتەکانی ناوچەی سەرگەڕان خۆیان وەک خاوەن ماف و زوڵملێکراو دادەنێن و لەپشت ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەوەن کە عەرەبە هاوردەکان دژ بە جوتیارانى کورد ئەنجامى دەدەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح