سەرۆک کۆماری عێراق مژدەی پێیە لەبارەی 400 ملیارەکە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت، بەغدا لە چەند رۆژی داهاتوو 400 ملیارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابوری جیھان لە داڤۆس بە میدیای حیزبەکەی راگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتوو وەزارەتی دارایی عێراق 400 ملیار دینارەکە دەخاتە سەر ھەژماری بانکی ھەرێمی کوردستان.

لەتیف رەشید وتیشی، گرفتەکانی دواکەوتنی پارەکە چارەسەرکراون و کێشە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە رێگەی دەستوور چارەسەر دەکەن.

حکومەتی عێراق رەزامەندی داوە 400 ملیار دینارەکە وەک پێشینە بۆ هەرێم بنێرێت تا ئەو کاتەی لەسەر بودجەی 2023 دەگەنە رێککەوتن.

ئەگەرچی نزیکەی مانگێکە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی داوە، بەڵام تا ئێستا ئەو پارەیە نەگەیشتووەتە کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەنووسی 400 ملیارەکە رایگەیاند، بۆ ناردنی 400 ملیارەکە بۆ هەرێم هیچ گرفتێکی ئەوتۆ نەماوە، تەنیا ھەندێك وردەكاریی كارگێڕی ماون.