چەند گەنجێک لە دهۆک
هەرکرێکارێک نیازی ژنهێنانی هەیە هەموو شتێکی بۆ دەکەن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
گەنجێکی دهۆک ماوەی دووساڵە هەموو رۆژانی پێنجشەممەیەک خواردنی بە بێ بەرامبەر و بەخۆبەخشی بۆ ئەو کرێکارانەی لە دهۆک و لەسەر شەقامەکان کاریان دەکرد دروست کردووە.
ئێستا بەڵێنی ئەوەی پێیان داوە هەر کرێکارێک نیازی ژنهێنانی هەیە هەر لە گرتنی هۆڵ و مەراسیمی ئاهەنگەکەی تا ناوماڵەش بۆی دابین دەکات.
کاروان مێسکی ئەو گەنجە خێرخوازەیە و بۆ 964 دەڵێت، ئێستا پرۆژەیەکی گەورەی راگەیاندووە و هەر مانگێ کرێکارێک دەکەنە زاوا و هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکەن و بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بدات.
کاروان دەلێت، “کرێکار هەیە شەش ساڵە ژنی مارەبڕیوە و لەبەر باری مادی نەیتوانیوە بیگوازێتەوە و ئێمە ئێستا بۆی دەهێنین و هەموو کارەکانی بۆ جێ بەجێ دەکەین”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی