"کوڕ و باوک و خاڵن"
سێ پیاوی زەبەلاح هەڕەشەیان لە کچێک کردووە و پارەیان لێ سەندووە؛ قۆڵبەست کران
شۆڕش قادری
لەسەر هەڕەشەکردن لە کچێک بۆ پارەسەندن، کوڕ و باوک و خاڵێکی کوڕەکە لە دهۆک دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی خێزانێک چوونەتە بنکەی پۆلیسی ماڵتا و سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی کە وێنەی کچە تەمەن 21 ساڵانەکەیان ناوە بەناوە لەلایەن کەسێکەوە بڵاودەکرێتەوە و زیاتر لە هەشت هەزار دۆلاریشی لێ سەندراوە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە کوڕێکی خەڵکی پارێزگای موسڵ بە هاوکاری باوک و خاڵ و هەندێک جاریش دایکی هاتوونەتە پارێزگای دهۆک و بەچەند وەجبەیەک پارەکەیان لەو کچە وەرگرتووە و هەڕەشەشیان لێکردووە.
دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر پۆلیسی بنکەی ماڵتا بە هەماهەنگی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە ماوەی دوو رۆژدا توانیویانە هەر سێ تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و لە لێکۆلینەوەکانیشدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بە ماددەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی گیراون و لێکۆڵێنەوە لەگەڵیان بەردەوامە.