تەکیەی کاکەمەند خۆی سەوز دەکاتەوە

+964

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

دوو رۆژە بەشی باخچەکانی شارەوانی ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، هەڵمەتێکی نەمام چاندنی راگەیاندووە و وا بڕیارە 780 نەمام لە جۆری دار سنۆبەر لەناو ناحیەکە بچێنێت.

بەگوێرەی هەندێ ئامار، 964+ دەزانێت، رێژەی سەوزایی لەو ناحیەیە بریتیە لە سەدا چوار.

ئاسۆ مەولود، بەرپرسی بەشی باخچەکان لە شارەوانی ناحیەی تەکیەی کاکەمەند بە 964+ی وت “ماوەی دوو رۆژە هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان راگەیاندووە و وا بڕیارە 780 نەمام بچێنن لە جۆری دارسنۆبەر.

ئەوە لەکاتێکدایە، بە قسەی ئەو بەرپرسە، پێش سەری ساڵی 2023یش، هەزار نەمامیان لە نێوان رێگەی سەرەکی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی کاکەمەند چاندووە، نەمامەکان دارقەڵەم تۆز و داری گۆڵداری لەخۆگرتبوو.

ئیسماعیل سابیر، بەرپرسی بەشی باخچەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی چەمچەماڵ بۆ 964+ی روونکردەوە، لەناو سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری رێژەی سەوزایی وەک پێویست نییە بەهۆی نەبوونی ئاو بۆ ئاودان و فراوانبوونی ماستەرپلانی شار و شارۆچکەکان، بەڵام بەردەوام دەبن لە زیاترکردنی رێژەی سەوزایی.

نەمامەکان، لە لایەن مەشتەلی بانی مەقان لە چەمچەماڵ و مەشتەلی شازاد سائیب لە رانیە دابین کراون.