نەوتەکەی بەغدا نرخی نەوتی لە هەرێم دابەزاند

964+

توانا نەقی – هەولێر

یەکەم کاروانی نەوتەکەی بەغدا گەیشتە کوردستان و لەگەڵ خۆیدا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی هەرێم دابەزاند.

بە قسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی کوردستانی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە.

گەیشتنی نەوتەکەی بەغدا بە قسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هەریمی کوردستان، لەگەڵ خۆیدا نرخی نەوتی لە بازاڕەکان هەرزان کردووە.

سەرباز کەریم، خاوەنی کۆمپانیای پۆڵا بۆ بازرگانی سووتەمەنی بە 964+ـی وت “هەر بە گەشتنی ئەو نەوتە لە بەغداوە کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەکەی هەبووە لە بازاڕەکاندا، بە جۆرێک بۆ هەر بەرمیلێک 25 هەزار دینار دابەزیوە و نرخەکەی لە 245 هەزارەوە بووە بە 220 هەزار دینار”.

دەشڵێت: ئەگەر بە تەواوەتی دەست بکرێت بە دابەشککردنی نەوت لە سەنتەری پارێزگاکان، ئەوە نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 180 هەزار دینار.

نافز ناوپردانی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە 964+ـی وت، ئەو بڕە نەوتەی گەیشتووەتە هەرێم لە چاو پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بڕێکی زۆر نییە، زانیاریمان نییە کەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

دەشڵیت، ئەوەی گرنگە کە بە هەمان نرخ کە 500 دینارە بۆ هەر لیترێک دابەشدەکرێت، کە دەست کرا بە پرۆسەی دابەشکردنەکە چاودێری دەکەن.