وێنە: سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە
"دەبێت گرێبەست بکەن بۆ دانانی ریکلام"
شارەوانیی رانیە خاوەن کار و کۆمپانیاکان ئاگادار دەکاتەوە
+964
ژێوار خدر – راپەڕین
لە چوار رۆژدا ھەر خاوەن پیشە و کۆمپانیایەک ریکلامی لەسەر شۆستەو شەقامەکان دانا بێت و مۆڵەتی شارەوانی نەبێت، دەبێت گرێبەست لەگەڵ شارەوانیی رانیە بکات، بە پێچەوانەوە ریکلامەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و لادەبرێن و راستەوخۆش ریکلامەکان دەبنە موڵکی شارەوانی رانیە و ناگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.
بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە بە 964ـی وت، ئەوان بەپێی رێنمایی ژمارە 126ـی ئەنجومەنی وەزیران، کە تایبەتە بە دانانی ریکلام مامەڵە دەکەن، هەموو ریکلامێک پێویستە کۆمەڵێک تایبەتمەندی تێدابێت، کە دەبێت شوێنەکەی گونجاو بێت و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەکات و نەخشەڕێی لەسەر بێت، ئەوەی ئێستا هەیە لە سنووری قەزای رانیە وانییە و ئێمە ئامانجمانە زیاتر ناو بازاڕ رێکخەینەوە و ئەو ریکلامانەی کە زیادەڕۆیین وگرێبەستییان نییە لایانبەین، ئەوانەشی کە کێشەیان نییە دەیانهێڵینەوە.
سەرۆکی شارەوانیی رانیە روونیشی کردەوە، ئێمە لە رۆژی یەکشەممە 13.5.2024، “هەڵمەتەکە دەستێدەکەین، بۆیە چوار رۆژمان داناوە بۆ ئەوەیە خەڵک ئاگادار بێت هاوکارمان بن، ئەوەی کە دەیەوێت ریکلام بکات سەردانمان بکات و ئەوەشی کە نایەوێت ریکلامەکانی لابەرێت”.
شارەوانیی رانیە ساڵانە لە بەرامبەر دانانی ریکلام لە شەقامەکان بۆ هەر مەترێکی دووجا بڕی 125.000 دینار وەردەگرێت، ئەمەش بە وتەی سەرۆکی شارەوانیی رانیە.
پێداچوونەوە: هاوبەش