"نرخی ئەسپ لە مەیدان دەردەکەوێت"
ئەسپسوارێکی کۆیە: لەوەتەی هەین ئەسپمان هەیە
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
لە فیستیڤاڵەکەی ئاسپسواری لە کۆیە خاوەن ئاسپەکان کۆکن لەسەر ئەوەی نرخی ئەسپ نازاندرێت، بەڵام یەکێک دەڵێت “نرخی ئەسپ لە مەیداندا دەردەکەوێت”.
نزیکەی 60 ئەسپ و ئەسپسوار لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە بە باشترین ئەسپەکانیان بەشداری فێستڤاڵەکەیان کردبوو.
جەعفەر حەوێز ئەسپسوارێکی بەتەمەنی شاری کۆیەیە بە 964ـی وت، ئەسپەکەی ڕەسەنی کوردیەوە و لە منداڵیەوە خولیان ئەسپسواریان هەبووە و ئێستاش منداڵەکانی فێری ئەسپسواری کردووە.
وتیشی “ڕاگرتنی ئەسپ تەنیا بۆ حەزی خۆمە و ئەگەر ئەسپ لە بەرچاوم نەبێ ڕەنگە هۆشم لەخۆم نەمێنێ”.
کاروان بڵباس کە لە کۆیە لەسەر ئەرکی خۆی مەیدانی نمایشی ئەسپسواری دروستکردووە و میوانداری ئەسپسوارانی بۆ ئەم فیستیڤاڵە کردووە بە 964 ی وت، نرخی ئەسپ دیاریکراو نیە تەنیا لەکاتی کڕین و فرۆشتنی یاخود ئەوکاتەی کە لە مەیداندا نمایش دەکات نرخیان دەردەکەوێت و دەڵێت “کەس لەخۆیەوە ناتوانێت نرخ لەسەر دابنێیت”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن