دەرفەتی کاریان بۆدەڕەخسێت

دەستەی گەشتوگوزاری سۆران خولی راهێنان بۆ کاری دەستی دەکاتەوە

ژووری هەواڵ

لە سنوری ئیدارەی سۆران، خولی راهێنان بۆ کارە دەستییەکان لە بواری بەرهەمە گەشتیارییەکان دەکرێتەوە، دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت، هەلی کار بۆ بەشداربووان دەدۆزنەوە.

خولەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی UNDP و رێکخراوی هاوکاری دارایی USAID دەکرێنەوە و بەشداربووان دەبێت دەرچووی بەشەکانی گەشتوگوزار و هونەرەجوانەکان بن و حەزی کارە دەستییەکانیان هەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 13.5.2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە 964ـی راگەیاند، ئەم خولە بۆ پێگەیاندن و هاندانی خوازیارانی کارە دەستیەکان و رەخساندنی دەرفەتی کارە لەم بوارە.

“بەرهەمە دەستییەکان بەشێکی گرنگی کەرتی گەشتوگوزارن، دەمانەوێت ئەو کەلوپەلە دەستیانەی کە لە دەرەوەی وڵات دێن، ببنە بەرهەمی ناوخۆیی و کاری دەستی گەنجانی خۆمان”، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار.

ئیبراهیم عەبدولمەجید وتیشی، ئەو کەلوپەلە دەستیانەی کە دروستدەکرێن دەدرێن بە گەشتیاران و دەیانەوێت مۆرکێکی کوردانەیان پێوە دیاربێت.

رێکەوتی 18.5.2024 دوا کاتە بۆ ناو تۆمارکردن و خوازیاران دەتوانن بۆ ناو تۆمارکردن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن؛ 07507313132

خولەکە ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت و بڕوانامەی بەشداریکردن دەدرێت بە بەشداربووان و تێچووی خول و هاتوچۆ لە ئەستۆی UNDP.

بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، دوای خولەکە ئاسانکاری بۆ بەشداربووان دەکات تا لە شوێنێکی گەشتیاری کار بکەن و بەرهەمەکانیان بەبازار بکەن و لە کۆتایی خولەکە پێشانگایەکی کارە دەستییەکان بۆ بەشداربووان دەکرێتەوە.