کێڵگەیەکی کشتوکاڵی بەرهەمهێنانی گەنم. وێنە :964
شاندێک دەچێتە بەغدا
کشتوکاڵی هەرێم بۆ بەغدا: گەنمی زیاتر لە جوتیاران وەربگرن
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رازی نییە بەو بڕە گەنمەی کە حکومەتی عێراق دیاریکردووە لە جوتیارانی وەربگرێت، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەمە بڕیارە هافتەی داهاتوو شاندێک بنێرێتە بەغدا.
بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە 15.5.2024، شاندەکە بچێتە بەغدا، بەڵام هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە 964ـی وت، سەردانەکە دواخراوە بۆ دووشەممەی هەفتەی داهاتوو رێکەوتی 20.5.2024.
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت بۆ هەر دۆنمێک بڕی 600 کیلۆگرام گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگرێت، لەکاتێکدا پێشبینی وایە کە بڕی گەنمى بەرهەمهێندراو لە هەرێمى کوردستان بۆ دۆنمێک لە نێوان 850 کیلۆ بۆ یەک تۆن بێت.
ئەو بڕە گەنمەی کە بەغدا دیاریکردووە لە جوتیارانی هەرێمی وەربگرێت، هەمان ئەو بڕەیە کە لە جوتیارانی باشور و ناوەڕاستی عێراق وەردەگیرێت.