لە بازیان

رێگاى گوندى گاوانى قیرتاو دەکرێت

964+

وریا فەتاح

وەزیرى دارایى رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنى بڕە پارەیەکى دیاریکراو بۆ قیرتاوکردنى رێگاى گوندى گاوانى لە قەزاى بازیان.

رێبوار ئەحمەد، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە 964ـى وت، لەسەر داواى خەڵکى گوندى کاوانى و پاش هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆر، وەزیرى دارایى رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنى بڕى زیاتر لە 213 ملیۆن دینار بۆ قیرتاوکردنى گوندى گاوانى”.

بەپێى نووسراوى یاداشتى دارایى خەرجى، کە واژۆى بەڕێوەبەرى گشتیى ژمێرکاریی وەزارەتى دارایى لەسەرە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو کە گوژمەى داواکراو بۆ پڕۆژەکە 213 ملیۆن و 87 هەزار و 600 دینارە، وەزیرى دارایش واژۆى کردووە و لەسەرى نووسیوە خەرجى بکەن.

درێژیى رێگەکە 1.5 کیلۆمەترە و گوندەکە بە قەزاى بازیان دەبەستێتەوە.

گوندى گاوانى دەکەوێتە قەزاى بازیان لە پارێزگاى سلێمانى، کە هاوسنورە لەگەڵ گوندەکانى ورمزیار، داریکەلى، بەرانان و لەتیفئاوا.

رێگاى گوندى گاوانى قیرتاو دەکرێت