دیمەنی ئێستای رێگای باعەدرێ بۆ دهۆک. وێنە: 964
گوژمەکەی دیاری نەکراوە
باعەدرێ بۆ دهۆک دەکرێتە دووساید
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
رێگای سەرەکی باعەدرێ – دهۆک دەکرێتە جووتسایدێکی مۆدێرن و لە هەرکوێشدا پێویست بکا شاخەکانی بۆ دەبڕنەوە.
دەست بە ئامادەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیە کراوە و بڕیار وایە مانگی حوزەیرانی داهاتوو جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەست پێ بکات.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە 964ی وت، رەزامەندی دراوە رێگای ناحیەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان تاوەکو زاڵگەی پارێزگای دهۆک بکرێتە جووتساید و فراوانیش بکرێت.
وتیشی: رێگاکە سوودی تەنیا بۆ خەڵکی دهۆک و کوردستان نابێت، بەڵکو سوودی بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق دەبێت چونکە دەروازەی چوونە بۆ پارێزگای دهۆک.
بە قسەی قایمقامی شێخان، لە دروستکردنی رێگاکەدا گشت ئەو پێچ و لۆفانەی هەیە نامێنێت، هەمووی دەبێتە هێلێکی راست و شەقامی نوێ کە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی بەرچاوی ئەو رووداوانەی لەو رێگایە روودەدەن.
شێرزاد قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی دهۆک بە 964ی وت، پڕۆژەکە دووسایدێکی مۆدێرن لە رێگای باعەدرێ- دهۆک لە خۆ دەگرێت کە درێژییەکەی 26 کیلۆمەترە وسێ ئەندەرپاس و دوو ئۆڤەر پاسی تێدا دەبێت.
بە وتەی بەڕێوەبەری رێگاوبانی دهۆک، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەی داوە لە زووترین کاتدا، “ئێستا کەشفی بۆ دەکرێت و لە قۆناغی تەندەردایە، بەڵام گوژمەکەی تا ئێستا دیاری نەکراوە”.
964 زانیویەتی، بۆ هەر رێگایەک کە بۆ پارێزگای دهۆک دەڕوات بە تایبەت لە پێچەکاندا، چیاکان دەبڕنەوە ئەگەر پێویست بکات، بۆ ئەوەی هاتوچۆ ئاسان و ئاسایی بێت، شەقامەکان راست بن و بە جوانترین شێوە دروست بکرێن.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین