دیمەنێک لە قەزای زاخۆ _ وێنە: 964
پۆلیس: بە هەڵە بووە
شۆفێرێک دەکەوێتە نێوان دوو ئۆتۆمبێلەوە و گیان لەدەستدەدات
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
شوفێرێک کە دانیشتووی باکووری کوردستانە لە زاخۆ گیانی لەدەستدا، پۆلیس دەڵێت، “ئامۆزاکەی خۆی، بە هەڵە و بەسەیارە لێی داوە”.
بە گوێرەی ئەو زانیارییەنەی پۆلیسی زاخۆ بە 964 داوە، “نزیک کاتژمێر 6:00ی ئێوارە ئەمڕۆ هەینی 10.5.2024، لەسەر شەقامی سەرەکی، ئیبراهیم خەلیل لە پارکی ئۆتۆمبێلەکانی بارهەلگر، شوفێرێکی دانیشتووی باکووری کوردستان، بە ناوی (ي،ع،ي) کە تەمەنی 60 ساڵە، لە لەلایەن شوفێرێکی تر کە ناوی (ب،ع،ک) و ئاموزای خۆیەتی بە هەڵە کوژراوە”.
رووداوەکە چۆن روویداوە؟
“ئەو شۆفێرەی گیانی لەدەستداوە، سەرقاڵی چاککردنی ئۆتۆمبێلی ئاموزاکەی بووە، ئاموزاکەشی ویستوویەتی ئۆتۆمبێلەکە تاقی بکاتەوە دوای چاکردنەوەی، بەبێ ئاگای و بێ ئەوەی بزانێت مامی لە پشت ئۆتۆمبێلەکەیەوە، بەهۆیەوە مامی دەکەوێتە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و دەستبەجێ گیان لە دەستدەدات”.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، “ئێستا تەرمی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، لە پزیشکی دادی زاخۆیە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، بەپێی فەرمانی دادوەر و بە مادەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار راگیراوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا