تا کۆتایی ئەم مانگە دەکەوێتەکار

لەزاخۆ بۆ دهۆک دەبێتە پۆینت توو پۆینت 

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

تەواوکردنی دانانی کامێرای پۆینت توو پۆینت لە شەقامی نێوان دهۆک – زاخۆ زۆری نەماوە، کە درێژییەکەی 55 کیلۆمەترە و دەوترێت تا کۆتایی ئەم مانگە دەکەوێتەکار.

رێگاکە ئێستا شەش کامێرای جێگیری تێدایە و ناوبەناویش کامێرای گەڕۆک لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆوە لە شوێنی جیاوازی شەقامەکە جێگیر دەکرێت.

محەمەد سلێمان، وتەبێژی هاتوچۆی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، ئامادەکارییەکان کراون، بەڵام هێشتا بڕیار دەرنەچووە هەفتەی داهاتوو بکەونە کار یان نا.

وتیشی، “تەواوکردنی هەموو کارەکانی زۆری نەماوە و دوای تەواوبوونیشی چوار رۆژ پێشتر شۆفێران ئاگادار دەکرێنەوە لە کارکردنی ئەو کامێرایانە”.

بەپێی زانیارییەکانی بەردەست 964، پێش هاتنی مانگی شەش سیستەمەکە دەکەوێتە کار.

بۆ یەکەمجار سیستمی کامێرای پۆینت توو پۆینت لە رێگای نێوان دوکان – سلێمانی کەوتەکار، پاشان لە هەولێر کاری پێکرا.

سیستمی کارکردنی کامێرای پۆینت توو پۆینت بەجۆرێکە، شۆفێر ناتوانێت لەنێوان کامێرایەک بۆ دانەیەکی دیکە لە خێرایی دیاریکراو زیاتر بڕوات، بەپێچەوانەوە تووشی سزای مادی دەبێت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد