"ئەگەری هەیە ژمارەکە زیاتربێت"

لافاو تەنگی بە ئەفغانستان هەڵچنیوە و 50 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە

ئەحمەد عەبدوڵا

ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی لافاوێکی بەهێز کە لە پارێزگای باغلانی باکووری ئەفغانستان روویداوە، زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەک بەرپرسێکی ناوخۆیی وڵاتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە.

هیدایەتوڵڵا حەمدەرد، سەرۆکی بەشی بەڕێوەبردنی کارەساتی سروشتی پارێزگاکە لە دەمی بەرپرسانی تەندروستی پارێزگاکەوە دەڵێت، “تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە لافاوەکەدا ژمارەیان 50 کەسە، بەڵام ئەگەری هەیە ژمارەکە زیاتر بێت”.

ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، “کە بارانبارینی بە خوڕی وەرزی بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و دانیشتووانی ناوچەکە ئامادەی ئەو رووداوە نەبوون”.

حەمدەرد راشیگەیاندووە، “کارمەندانی فریاکەوتن بە یارمەتی هێزە ئەمنییەکانی سوپا و پۆلیسی نیشتمانی لە ژێر قوڕ و لیتە و داروپەردوودا بەدوای هەر قوربانییەکی دیکەدا دەگەڕێن”.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە، چەند لافاوێکی خێرا لە 10 پارێزگای ئەفغانستان روویانداوە نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەهۆی لافاوەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە چونکە لەسەدا 80ی دانیشتووی وڵاتەکە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن بۆ ئەوەی بژین.