تەکنەلۆژیای پیشەسازی
خوێندکارێکی دهۆک رەنگی بێ زیانی دروستکردووە و بۆ خواردنیش گونجاوە
+964
هیڤی دێوالی-دهۆک
ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیمانگا و کولیژی پۆلیتەکنیکی دهۆک پێشانگای پرۆژەی خوێندکارانی بەشی تەکنەلۆژیای پیشەسازی کردەوە و خوێندکاران هەندێک داهێنانی نوێیان کرد..
پێشانگەکە بە بەشداری 26 پرۆژە، کە 34 خوێندکار بەشداریان تێدا کردووە، بەڕێوەچوو .
چنار عەقیل، خوێندکاری کۆلیژی تەکنیکی دهۆک، بەشی ئەندازیاری کیمیایی قوناغی چوار، بە 964ی وت، “ژمارەیەک لە سەوزە و میوە وەک توور، کەلەمی سوور، گەڵای دارەکانی میوە، لیمۆ” بە نموونە وەرمانگرت، لەگەڵ بەشێکی کەم لە کارلێکی کیمیایی پێکەوە تێکەڵمان کرد و رەنگمان دروست کرد، وەک رەنگەکانی پەمەیی، مۆر، سەوز و زەرد”.
وتیشی، رەنگەکان بەکاردێن بۆ رەنگکردنی جلوبەرگ و خواردن، بە تایبەت بۆ کارگەی شیرینی، کە بەم شێوازە دروستکردنە ماددەکە زیانبەخش نابێت و تەندروستە، بەڵام ئەوەی ئێستا زۆربەی کارگەکانی شیرینی بەکاری دەهێنن، رەنگی زیانبەخشن.
چنار عەقیل دەبێژێت، “پرۆژەکەمان 100% سەرکەوتوو بووە و دەتوانین بۆ کارگەکان بەکاری بهێنین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا