"دەبێت هاوڵاتیان بچنە سلێمانی"
دەرهێنانی پاسپۆرت لە چەمچەماڵ راگیرا
964+
پێشەوا محەمەد
نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ دەرهێنانی پاسپۆرتی راگرت و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، هۆکارەکەی گۆڕانی سیستمەکەیانە بۆ ئەلیکترۆنی.
پێشتر نووسینگەکە پاسپۆرتی جۆری Aـی بۆ هاوڵاتیان دەردەهێنا، بەڵام سیستمەکە گۆڕاوە بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی جۆری Bـی و پێویستە سەرجەم نووسینگەکان ئەو سیستمە بەکاربهێنن.
دڵشاد عوبێد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، راگرتنەکە کاتییە و هەر هاوڵاتییەک بیەوێت پاسپۆرت دەربهێنێت پێویستە سەردانی سلێمانی بکات.
وتیشی، “نازانین کەی سیستمەکەمان بۆ دادەمەزرێت، چونکە دەبێت لیژنە لە بەغداوە بێت و بڕیاری لەبارەوە بدرێت و ئامێرەکانمان بۆ بنێردرێن”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوڵاتیانی چەمچەماڵی ئاگادار کردووەتەوە، بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی پێویستیان بە چەند پێداویستییەکە:
*حیجزی ئەلیکترۆنی کە شەوانی پێنجشەم لە کاتژمێرنۆ بەدواوە چالاک دەبێت.
*کارتی نیشتمانیی رەسەن.
*کارتی زانیاریی رەسەن.
*کار بە سوورەتقەیدی ئلکترونی و پێناسەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی ناکرێت.
*پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی سەروی 18 ساڵن کارتی بانکی بەناو خۆیانەوە بێت و ئەوانەی خواروی 18 ساڵن دەتوانن کارتی بانکیی باوکیان بەکاربێنن.