چوار کاتژمێر ئاگر

خەمی دوکاندارەکانی هەولێر گەیشتە سلێمانی و دهۆک

+964

ژووری هەواڵ

ئەوەی بەسەر هەولێردا هات کەم نەبوو، قەیسەری سوتا و زیانەکان زۆرن و برینداریش هەیە، لە هەموو شارەکانەوە هاوخەمی و پشتیوانی بۆ هەولێر دەربڕدرا.

دوێنێ شەو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە، ئەوەی زانراوە لە کاتژمێر 8:30 شەو ئاگرەکە دەستی پێکردووە (تائێستا هۆکارەکەی رانەگەیەندراوە)، هەموو تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر چووبوونە ئەوێ و لەگەڵ هێزە ئەمنی و فریاگوزارییەکان خەریکی کۆنترۆڵکردنی بوون، چوار کاتژمێری ویست تا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کرا.

قورسایی رووداوەکە، هاوخەمی زۆری بۆ دوکانداران و هەولێریش دروستکرد، ئەوەی تیمی 964 تێبینییان کرد خەڵکی هەموو شارەکانی کوردستان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رووداوەکە ناڕەحەت بوون.

لەسەر ئاستی فەرمیش هەردوو پارێزگاری سلێمانی و دهۆک هەرزوو هەم هاوخەمییان نیشاندا و هەم ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەولێر.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەسەر فەیسبووک نوسیبووی: ”خودایە هەولێر بپارێزیت، بەڕێز پارێزگاری هەولێرمان دڵنیاکردۆتەوە، وەک پارێزگای سلێمانی ئامادەی هەموو هاوکاریی و بەشداریی و هەماهەنگیی و پشتیوانییەکین”.

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆکیش هەر ئەو کاتە لەسەر فەیسبووک نوسیبووی ”لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ برای بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هاوخەمی خۆمان دەربڕی بۆ ئەو ئاگرەی لە بازاڕەکەی هەولێر کەوتەوە، هەروەها ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ هەر هاوکاری و بە هاناوەچوونێک”.

قەیسەری یەکێکە لە بازاڕە هەرە قەرەباڵغەکانی هەولێر، لەناوجەرگەی بازاڕی هەولێردایە و دەکەوێتە بەرامبەر قەڵا، لە بازاڕە کۆنەکانی شارەو وەک خەڵکی شار دەڵێن هەرچی بتەوێ لە قەیسەری دەستدەکەوێ.

دوێنێ شەو 5ی ئایاری 2024 ئاگرێکی گەورەی تیا کەوتەوە، بە قسەی نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بۆ 964: لە کۆی چوار هەزار دوکان 372 دوکان بەتەواوی سوتاون، تیمە فریاگوزارییەکانیش ئەم بەیانیە بە پەیامنێری 964یان وت چواردە کەس بریندار بوون، بەڵام هێشتا تیمەکانی بەرگری شارستانی مەزەندەیان نەکردووە زیانە داراییەکان گەیشتووەتە چەند.

تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی لە شوێنی ئاگرەک...

تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی لە شوێنی ئاگرەکەی هەولێرن