لە دەربەندیخان
داڕمانی رێگایەک زیانی بە ماڵێک گەیاند و خاوەن ماڵەکەی خستە سەر ئیش
964+
توانا نەقی
بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو لە قەزای دەربەندیخان رێگای گەڕەکێک داڕووخاوە و زیانی بە ماڵێک گەیاندووە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت رێگاکە و ئەو زیانەی بەر ماڵەکە کەوتووە چاکی دەکەنەوە.
داڕووخانی ئەو رێگایە مەترسی بۆ سەر چەند ماڵێکی ئەو کۆڵانە دروست کردووە، خاوەنی ماڵەکەش وەک کرێکار دەتوانێت بەشدار بێت لەچاککردنەوەی خاونووەکەی و پارەی پێدەدرێت.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، لیژنەیان بۆ چاککردنەوەی رێگاکە و چاککردنی ئەو ماڵانەش پێکهێناوە و مەوادیان ئامادە کردووە دەست بە چاککردنەوەی دەکەن.
وتیشی، ئەو ماڵەی زیانی بەرکەوتووە زۆر کەمدەرامەتن و بڕیاریان داوە خاوەن ماڵەکە وەک کرێکار کار بکات لە چاککردنەوەی خانووەکەی و لەبەرامبەردا پارەی بۆ حساب دەکەن.
“چیمەتۆ و بلۆک و وەستامان بۆ چاککردنەوەی ماڵەکە ئامادە کردووە، خاوەن ماڵەکەش راسپێردراوە وەک کرێکار بلۆکەکان لاببات و لەگەڵ وەستاکە کار بکات و رۆژانەی بۆ دادەنرێت تا تەواو دەبێت ئەمە وەک هاوکاری بۆ ئەو کەسە” قایمقامی دەربەندیخان وای وت.