وێنه‌ى ئه‌و هاوڵاتییه‌ى ونبووه كه كه‌سوكاره‌كه‌ى له سۆشیاڵ میدیاكانى سۆران بڵاویان كردووه‌ته‌وه..
له‌گه‌ڵ گرووپێکی 11 كه‌سی بووه
هاوڵاتییه‌كى ته‌مه‌ن 60 ساڵان له كوێستانه‌كانى زینوێ ونبووه
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هاوڵاتییه‌ك له كوێستانه‌كانى زینوێی باڵه‌كایه‌تى له دوێنێوه ونبووه، ئه‌وانه‌ى به‌دوایدا ده‌گەڕێن، ده‌ڵێن هاوڵاتییه‌كه له‌گه‌ڵ 11 كه‌س چوونه‌ته گیای به‌هاره و ته‌نیا ئه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
هاوڵاتییه‌كه ناوى حوسێن حه‌سه‌نە، ته‌مه‌ن 60 ساڵە.
دوایین جار كه په‌یوه‌ندی به مۆبایله‌كه‌ى كراوه، كاتژمێر 05:30ـی ئێوارەی دوێنێ شەممە بووه و وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی ده‌داته‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێن، ناڵە و هاواری هاتووه و دواتر مۆبایله‌كه‌ى داخراوه.
په‌یوه‌ندی به كۆمپانیاى كۆڕه‌كه‌وه ده‌كرێت و شوێنى دوایین په‌یوه‌ندیكردنى ئاشكرا ده‌كرێت، به‌ڵام كه ده‌چنه شوێنه‌كه له‌وێ نه‌بووه.
ته‌ها ناوه‌ندى، چالاكوانى ژینگه‌یی و دانیشتووى باڵه‌كایه‌تى له‌گه‌ڵ چه‌ند گرووپێك له دوێنێ شه‌وه‌وه به دواى ئه‌و هاوڵاتییه‌دا ده‌گه‌ڕێن و به 964ـى وت، نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه.
وتیشی “ئه‌و 11 كه‌سه‌ى له‌گه‌ڵى بوونه، گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و هاوڵاتییه‌یان لێ دابڕاوه”.
ئه‌و سنووره‌ى كه هاوڵاتییه‌كه بۆی چووه، بریتیه لە كوێستانى زینوێ و مێرگە درێژان.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئێستاش گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌م هاوڵاتییه به‌رده‌وامه و چه‌ند گرووپێكی جیاواز كه له 150 كه‌س پێكدێن، له شوێنی جیاوازه‌وه به دواى هاوڵاتییه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن.