کێ زیانمەند بووە؟
شەش جۆر هاوکاری بە ماڵە زیانلێکەوتووەکانی هەڵەبجە دەدرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بەهۆی شەپۆلە بەهێزەکانی بارانبارین لە 48 کاتژمێری رابردوو، لە هەڵەبجە چوار ماڵ ئاوی تێچووە و مارکێتێکیش زیانی پێگەیشتووە، تیمەکانی سەنتەری لۆجیستی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەو ماڵانەی زیانیان پێگەیشتووە شەش جۆر هاوکاریان پێدان.
هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە، (فەرش، بەتانی، دۆشەک، خۆراک، مەوادی پاککەرەوە و خۆراکی منداڵ) کە لە سەنتەری لۆجیستی (کۆگا) سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی هەڵەبجە بۆیان ئامادەکرابوو.
ئەمڕۆ شەممە 4.5.2024، پەیامنێری 964 لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکردووە، بە گوێرەی داتای بەردەستی تیمەکان چوار ماڵ و مارکێتێک لە هەڵەبجە ئاوی باراناو چووەتە ناویان و زیانمەند بوون.
بەپێى ئاگادارییەکى بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى پارێزگاى هەڵەبجە بێت، شەقامی نەخۆشخانەی عەنەب بۆ شەقامی حەمەوغان بەهۆی دابارینی زۆری باران و دروستبوونی لافاو شەقامەکە رۆچووە، ئێستا تیمی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى هەڵەبجە سەرقاڵی دانانی بەربەستن، بۆ ئەوەی شۆفێران لەو رێگایەوە هاتوچۆ نەکەن و رێگاى جێگرەوە بەکار بهێنن.