مەترسیدارە و مرۆڤ دەکوژێت

تائێستا کلۆرى بوتڵەکەى پڕۆژەى ئاوى خاس بەتاڵ نەبووە

964+

وریا فەتاح

چوار رۆژ تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا لێچوونى بوتڵى غازى کلۆرەکەى پڕۆژەى ئاوى خاسـى قەڵادزێ لێى دەچۆڕێت و مەترسى ماوە.

لە نیوەڕۆی رۆژى چوارشەممەى رابردووەوە، یەکێک لە بوتڵە غازە کلۆرەکانی پڕۆژەی ئاوی خاس لە پشدەر درزی بردووە.

مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بە 964ـی وت،”پڕۆژەکە کاردەکات و بەردەوامین لە پێدانى ئاو بە هاوڵاتیان، هەرچەندە لێچوونی بوتڵى غازى کلۆرەکە بەردەوامە، بەڵام هیچ مەترسییەکى بۆ ئاوى خواردنەوەى پڕۆژەکە نییە”.

“دواى چوار رۆژ، ئێستا رێژەى دەرچوونى غازى کلۆرەکە کەمبووەتەوە، بەڵام مەترسى ماوە و نازانین کەى بە تەواوى بەتاڵ دەبێت”، بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە واى بە 964 وت.

ئەو لە کاتێکدا قسەى بۆ 964 دەکرد، کەمتر لە 10 مەتر لە بوتڵە کلۆرەکەوە دوور بوو کە وەک رێکارى سەلامەتى تا دەرچوونى غازەکەى خراوەتە ژێر ئاوەوە، بەڵام وەک ئەوەى باسى دەکات، مەترسى ماوە و دەبێت بەردەوام چاودێرى بکەن، چونکە 850 کیلۆ غاز لە بوتڵەکەدا هەیە و نازانن رێژەى دەرچوون چەندە و کەى لێچوونەکە کۆتایى دێت.

لەژێر کاریگەرى مەترسییەکانى ئەو غازەى لە بوتڵەکە دەردەچێت، دوێنێ کارمەندێکى پۆلیس کە پاسەوانى پڕۆژەکەیە گیانى لەدەست دا.

بە وتەى مارف مەحمود، هاوڵاتیان هاوکارنین و لە قەبارەى مەترسییەکە تێناگەن، چونکە هەندێ جار بە تکا و پاڕانەوە خەڵکى دەوروبەرى پڕۆژەکەیان دوورخستووەتەوە، بە تایبەت خاوەن باخەکانى دەوروبەرى و ئاژەڵدارەکان.

کلۆر ماددەیەکی کاریگەرە بۆ کوشتنی ئەو زیندەوەرە بچووکانەی کە لەناو ئاون و بە چاو نابینرێن، رێژەیەکی زۆر کەمیشی لەناو ئاو دەکرێت، کە لە پرۆژەی ئاوی خاس بۆ هەر ملیۆنێک مەتر سێجای ئاو تەنیا 300 گرام کلۆر بەکاردێت، کە رێژەکەی دەگاتە 0.03 و ئەو رێژە کەمەش مەترسی دروست ناکات.

گازی کلۆر لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا هەزاران کەسی کوشت و لە ساڵی 1925-ەوە بەکارهێنانی وەک چەک قەدەغە کراوە، گازەکە ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر هەڵبمژرێت، دەکرێت لە چەند خولەکێکدا کەسەکە بکوژێت.

مەترسیەکانی تەقینی بوتڵی کلۆر چین؟

مەترسیەکانی تەقینی بوتڵی کلۆر چین؟