سێ شاخەوان بێسەروشوێنن

چوار ئەندامى گروپى شاخەوانى لافاو بردوونى و یەکێکیان گیانى لەدەستدا

964+

وریا فەتاح

کەمێک پێش ئێستا، گروپێکى شاخەوانى لە کاتى هەڵگەڕان بە شاخێکدا چواریان ئاو بردوونى و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانى لەدەستداوە و دوو شاخەوانى دیکەش بێسەروشوێنن و یەکێکیان بریندارە.

رووداوەکە لە دەربەندى مەسوران لە گوندى ئاوەسپى قەرەداغ روویداوە.

ئاریان شکاک، لێپرسراوى کارگێڕى یەکێتى شاخەوانان بە 964ـى وت،”لەڕێگاین بۆ بەهاناوەچونیان، گروپێکى شاخەوانى کە لە 14 کەس پێکهاتوون بە مەبەستى شاخەوانی چوون بۆ دەربەندى مەسوران کە رێڕەوێکى ئاسنى لێیە و داکوتراوە، لە کاتى سەرکەوتن لافاو دروستبووە و بەهۆیەوە 4 ئەندامى گروپەکە دابڕاون و یەکێکیان گیانى لەدەستداوە و دوو شاخەوانەکەى دیکەش بێسەروشوێنن و یەکێکیان بریندارە”.

وتیشى،”تەرمى ئەو شاخەوانە دۆزراوەتەوە کە ئاو بردویەتى و ئێستا پۆلیس لە شوێنى رووداوەکە گواستویەتییەوە، بەڵام سێ شاخەوانەکەى دیکە تائێستا بێسەروشوێنن”.

لەبارەى 10 شاخەوانەکەى ترەوە ئاشکراى کرد، ئەوان سەلامەتن و هاتوونەتە خوارەوە و مەترسیان لەسەر نەماوە.