کۆبانێ رووی لە UN و حکومەتی سوریا کرد
“چارەنووسی سەدان هاوڵاتی ئاشکرا بکەن کە پێشتر داعش رفاندوونی”
فەرهاد حەسەن
لە رۆژئاوای کوردستان، دوای 13 ساڵ لە کۆبانێ دەنگ بەرزکرایەوە بۆ چارەنووسی سەدان هاوڵاتی کە پێشتر داعش رفاندوونی و داوالە نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومی کاتی سوریا کرا کار بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە بکەن
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ رێکخراوی مشتەنوور لە لە مەیدانی “ژنانی ئازاد” لە شاری کۆبانێ چین و توێژە جیاوازەکان و کەسوکاری بێسەروشوێنانی کۆکردەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی رۆڵەکانیان کرد.
داواکارییەکەیە، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوو، بەپێی ئەو راگەیەندراوەی خوێندوویانەوە داوا لە حکومەتی کاتیی سوریا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بە زووترین کات چارەنووسی ئەو هاوڵاتییانە ئاشکرا بکەن کە ماوەی 13 ساڵە لەلایەن داعشەوە رفێندراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو کەسانەی بێسەروشوێن کراون، بەشێک نەبوون لە هیچ ململانێیەکی چەکداری، بەڵکو مامۆستا، قوتابی، کرێکار و کاسبکار بوون کە تەنیا لەبەر مانەوەیان لەسەر خاکەکەیان رفێندراون.
داوا لە حکومەتی کاتی سوریا کرا لیژنەیەکی باڵا بۆ بەدواداچوونی دۆسییەی بێسەروشوێنەکان پێکبهێنێت و داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان، خاچی سووری نێودەوڵەتی و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرا سوود لە داتاکانی زیندانیان وەربگرن بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەسەر رفێندراوەکان.
داواش کرا ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی مەدەنییەکان وەک “تاوان دژ بە مرۆڤایەتی” بناسێندرێت و تێوەگلاوان رادەستی دادگا بکرێن.