کۆنتڕۆڵی دەرمان داوای چی دەکات؟

پێنج کۆمپانیای هاوردەی دەرمان بەهۆی نەبوونی ستیکەر داخران

964+

ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان دەڵێت، “بەهۆکاری فرۆشتنی دەرمانی بێ ستیکەر، پێنج کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمانیان لە هەولێر بە داخستن سزاداوە”.

ئەو کۆمپانیایانە، “ویستوویانە بەبێ پابەندبوون بە نرخی دیاریکراوی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و وەزارەتی تەندروستی، و بەبێ دانانی ستیکەر دەرمانەکان لە بازاڕدا بە نرخی خواستراوی خۆیان ساغ بکەنەوە”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.5.2024، د.محەمەد خورشید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵ و کوالێتی دەرمان بە 964ی وت، “ئەو پێنج کۆمپانیایە لە نێوان یەک هەفتە بۆ دوو هەفتە سزا دراون، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی دەدرێنە دادگا”.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانیی و قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی ھەولێر، پێنج کۆمپانیایەکەی داخستووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، “تیمی چاودێریی بازاڕی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، بەردەوامن لە بەدواداچوونەکانیان بۆ رێگەگرتن لە مامەڵەکردن بە دەرمان و بەرھەمی دەرمانسازیی بێ ستیکەر، کواڵیتی خراپ، نایاسایی و قەدەخەکراو”، دکتۆر محەمەد خورشید ئەوەی وت، “نوسراومان بۆ سەرجەم دەرمانخانەکان کردووە کە نابێ بی ستیکەر دەرمان بفرۆشن”.

وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، هاوڵاتیانی ئاگادارکردەوە کە تەنیا دەرمانێک بکڕن، کە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەر بێت و خۆیان بەدووربگرن لە بەکارهێنانی دەرمانی بێ ستیکەر.

وەزارەتی تەندروستی داوای دەرمانە بێ ستیکەرەکان دەکات

وەزارەتی تەندروستی داوای دەرمانە بێ ستیکەرەکان دەکات