"مەترسیەکە کۆتای نەهاتووە"

بوتڵە کلۆرەکەی پرۆژەی ئاوی قەڵادزێ هەر لێی دەچێت و چارەسەر نەکراوە

964+

محەمەد عەلی ــ قەلادزێ

لە دوێنێ نیوەڕۆی چوارشەممەوە یەکێک لە بوتڵە کلۆرەکانی پڕۆژەی ئاوی خاس لەپشدەر درزی بردووە، رێکاری پێویست گیراوەتەوە بەر بۆ چارەسەرکردنی بەڵام تا ئێستاش ئەو مەترسیەی دروستی کردووە کۆتایی نەهاتووە و هەر لێی دەچێت.

یەکێک لەو بتڵە کلۆرانەی هێنراون بۆ پرۆژەی خاس لە قەڵادزێ بنەکەی لێی دەچێت و هۆشداری دراوەتە هاوڵاتیان کە نزیکی پرۆژە ئاوەکە نەکەونەوە،

مارف محمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “ئەمشەو رەشاش و ئاوی پێویستمان خستووەتەسەری و بۆئەوەی کاریگەری نەبێت، بوتڵەکە یەک مەتر و نیو لەژێر ئاودایە بۆئەوەی خاڵی بێتەوە لەگەڵ ئاوەکە داو زیانی نەبێت.

وتیشی: رێژەی دەرچوونی کلۆرەکە لە درزی بوتڵەکە هەروەک خۆیەتی و تائێستا بەو رێژە زۆرە زیادی نەکردووە کە مەترسی گەورە دروست بکات.

“کارمەندانی پڕۆژەکە ئەمڕۆ کاردەکەن و بەو هۆیەوە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ لەکار نەکەوتووە، هەرکات زیاتر بوو مەترسی هەبوو ناچار دەبین کار بە پڕۆژەکە نەکەین و دوور بکەوینەوە لەبەر سەلامەتی گیانی کارمەندەکان بەڵام تائێستا  ئاساییە” بەڕێوەبەری پڕۆژەکە وای وت.

بوتڵی کلۆرەکە، کێشی یەک تەن دەبێت، بڕی 850 کیلۆگرام کلۆری تێدایە”.

کلۆر مادەیەکی کاریگەرە بۆ کوشتنی ئەو زیندەوەرە بچووکانەی کە لەناو ئاون و بە چاو نابینرێن، رێژەیەکی زۆر کەمیشی لەناو ئاو دەکرێت کە لە پرۆژەی ئاوی خاس بۆ هەر ملیۆنێک مەتر سێجای ئاو تەنیا 300 گرام کلۆر بەکاردێت کە رێژەکەی دەگاتە 0.03 و ئەو رێژە کەمەش مەترسی دروست ناکات.

گازی کلۆر لە جەنگی یەکەمی جیهانی هەزاران کەسی کوشت و لە ساڵی 1925-ەوە بەکارهێنانی وەک چەک قەدەغە کراوە، گازەکە گەر بە رێژەیەکی زۆر هەڵبمژرێت دەکرێت لە چەند خولەکێک کەسەکە بکوژێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

مەترسیەکانی تەقینی بوتڵی کلۆر چین؟

مەترسیەکانی تەقینی بوتڵی کلۆر چین؟