بەشێک لەو خۆراکەی کە دەستیبەسەردا گیراوە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
چوار کەس دەستگیرکران
ئاسایشی سلێمانی دەستیگرت بەسەر زیاتر لە 50 تۆن خۆراکدا
ژووری هەواڵ
بەشی ئابووری ئاسایشی سلێمانی لەنێو ژمارەیەک دووکاندا دەستیگرت بەسەر زیاتر لە 50 تۆن خۆراکدا کە بەسەرچووە و دووبارە خراونەتە نێو فەردە بەمەبەستی ساخکردنەوە.
زۆربەی خواردنەکە برنجە و بەشەکەی دیکەی پێکهاتووە لە نیسک، رۆن و چەند مەوادێکی دیکەی خواردنن.
ئەمڕۆ دووشەممە 29.4.2024، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، چوار کەس لەسەر ئەو ساختەکارییە دەستگیر کراون و یەکێکیان تۆمەتباری سەرەکییە.
هەر لە شوێنی ساختەکارییەکە، دەستگیراوە بەسەر کیس و فەردەی نوێ کە بەکارهێنراون بۆ نوێکردنەوەی خواردنەکان و بەرواری نوێیان لەسەر بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، خاوەنی ئەو خواردنانە پێشینەی کاری هاوشێوەی هەیە و چەند جارێک لەسەر هەمان تۆمەت براوەتە دادگا.